بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەڕی نوێی دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کۆتایی هات و دیپلۆماتکاران بۆ ڕاوێژی زیاتر گەڕانەوە وڵاتانی خۆیان.
ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند کە دانوستانەکان بۆ ماوەیەک ڕادەگیرێت و پاش چەندین ڕۆژ دیسانەوە شاندەکان دەگەڕێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئێران پاش کۆتایی دانوستانەکان وتی کە شاندەکان بۆ ڕاوێژی زیاتر لە سەر پێشنیارەکانی تاران دەگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان و هیوادارین کە وەڵامی درووست بەم پێشنیارانە بدرێتەوە.
ناوبراو وتی کە چاوەڕوان دەکەین هەفتەی داهاتوو دانوستانەکان دەست پێبکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات وتی کە دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی نەبووە و ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست پێنەکاتەوە.
جۆزف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش هەر لە سەر ئەم تەوەرە بە تەلەفوون لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران وتووێژی کرد.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە لە هەر دانوستانێکدا ئامانجی ئێران کۆتایی هێنانە بە گەمارۆ و سزا ئابورییەکان.
دانوستانەکانی ڤیەننا پاش شەش مانگ ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە نێوان ئێران و وڵاتانی 1+4 دەستیپێکردەوە./.