ڕێگایەک کە تێپەڕ بوو
پاش شەش گەڕی دانوستانەکانی ڤیەننا کە بە هۆی هەڵوێست و داواکاری نایاسایی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەستیپێکردووە، ئامانجی سەرەکی ئەم دانوستانانە مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی ئێران و هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانە، ئەو گەمارۆیانەی کە بە شێوازی تاکلایانە و نایاسایی لە لایەن ئەمریکای کشاوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی سەپێندراوە.
ئەمریکا لە 8 ی ئایاری 2018 بە شێوازی تاکلایانە لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە، ئەو هەنگاوەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بڕیارێکی نایاسایی ناسێندرا و ئیدانە کرا. کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەم جۆرە بڕیار و هەنگاوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەبەرچاونەگرتنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پێناو تێکدانی سیستەمی چەند جەمسەری و هەڕەشەیەکی گەورەیە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرەڕای هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نەک تەنیا سەرجەم گەمارۆ نایاسایی و تاکلایانەکان وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵکوو سیاسەتی سەپاندنی سزا و گەمارۆکان بەردەوام بووە. ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانج لەم هەنگاوانەی ئەمریکا، ڕێگرییە لە مسۆگەربوونی ماف و ئیمتیازاتی ئێران، لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە لە ڕێکەوتنەکە و هەروەها بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە. ئەڵبەت حکومەتەکانی سێ وڵاتی ئەورووپی بەشدار لە ڕێکەوتنی ناوەکی، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم سیاسەت و هەنگاوانەی ئەمریکایان بە نایاسایی و قبووڵنەکراو ناو بردووە، بە کردەوە بە بێدەنگی و بێکرداریی خۆیان، لە گەڵ ئەو سیاسەتە هاوڕێ بوون. هەنگاوە تێکدەرانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوڕێبوونی سێ وڵاتی ئەورووپی، ڕێکەوتنی ناوەکیی بێ کاریگەر کردووە و سەرجەم بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەم ڕێکەوتنەی بۆ ئێران لە ناو بردووە. ئەمانە ڕاستییە تاڵەکانی چەند ساڵی ڕابردووە کە دەبێت ڕووناکی ڕێگای داهاتوو بێت.
بەردەوامی تێڕوانینی تێکدەرانەی حکومەتی ترەمپ لە حکومەتی ئێستای ئەمریکا، ئەم پرسیارەی بە جیدی هێناوەتە پێشەوە کە ئایا حکومەتی ئەمریکا لە ڕاستیدا ئیرادەیەکی جیدیی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی هەیە و ئایا ئامادەیە تا واز لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی خۆی بێنێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش بە پێی تێڕوانین و کردەوەکانی ئەمریکا لە چەندین مانگی ڕابردوو، هێندە دژوار نییە.
هیچ کەسێک ناتوانێت جیدبوون و نیازپاکیی ئێران لە پابەندبوونی تەواو بە بەڵێنەکانی ڕوبەڕوی پرسیار بکاتەوە. لە پاش کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا و سەپاندنی گەمارۆکان، ئێران بە نیازپاکییەوە وازی لە هەر هەنگاوێکی بەرامبەر هێنا و بە پێی داواکاری لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی و یەکێتی ئەورووپا وەک ڕێکخەری ڕێکەوتنەکە، پەنای بۆ ڕاگرتنی بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکیدا نەهێنا تا لەم ڕێگایەوە لایەنەکانی دیکە بتوانن هەلومەرجی نەرێنیی پاش کشانەوەی ئەمریکا قەرەبوو بکەنەوە. سەرەڕای ئەمەش بە پێی بەردەوامبوونی ئەم هەلومەرجە و پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی، بە هۆی زیاتربوونی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها پابەندنەبوونی سێ وڵاتی ئەورووپی بە بەڵێنەکان، بۆ ئێران هیچ ڕێگاچارەیەک نەمایەوە بەدەر لەوەی کە لە مافەکانی خۆی بە پێی بڕگەکانی 26 و 36 ی ڕێکەوتنی ناوەکی کەڵک وەربگرێت و جێبەجێکردنی بەشێک لە بەڵێنەکانی بە شێوازی قۆناغ بە قۆناغ لە 8 ی مانگی ئایاری 2019 وە هەڵپەسارد.
بە نەبوونی گۆڕانکاری لەم دۆخە و هەنگاوێکی کاریگەر لە لایەن ئەندامانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی و بە پێی ئەو پێشینەی کە دابینکرابوو، پەرلەمانی ئێران یاسای ” بەرنامەی هەنگاوی ستراتیژیی هەڵگرتنی گەمارۆکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران ” ی لە بەرواری 2 ی ئەیلولی 2020 پەسەند کرد. ئەم یاساش حکومەتی ڕاسپارد کە لە ئەگەری بەردەوامی پابەندنەبوونی لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی بە بەڵێنەکانیان، جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنەکانی ئێران لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە بەرە بەرە ڕابگیرێت، مەگەر ئەوەی کە لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی بەڵێنەکانی خۆیان بە کردەوە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕێگای بەردەم دانوستانەکانی ڤیەننا
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای تەواوی بێ بەڵێنی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، دیسانەوە لە پێناو پیشاندانی نیازپاکی و بە ئامانجی هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆ تاکلایانە و نایاساییەکان، ئێستا ئامادەی وتووێژێکە بۆ گەیشتن بە ” ڕێکەوتنێکی باش ” لە گەڵ 1+4 کە ئەنجامەکەی بە کردەوە ببینرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕێگایەدا ” نیازپاکی ” و ئیرادەیەکی جیدیی هەیە و هەروەها ئیرادەی پێویستی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش لە ڤیەننا هەیە.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، هیچ کات نابێت ئەوە لە بیر بکرێت کە ئەمریکا هۆکاری سەرەکی دابینکردنی دۆخی ئێستایە. لە چوار ساڵی ڕابردوو، کۆشکی سپی بۆ لەناوبردنی ڕێکەوتنی ناوەکی پەنای بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێک برد و ئەوە ئێران بوو کە سەرجەم تواناکانی لە پێناو مانەوە و بەردەوامبوونی ڕێکەوتنەکە بەکار هێنا. ئەوەی کە لە شەش گەڕی دانوستانەکانی پێشوو بۆ ئێران ئاشکرا بوو ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا لێک تێگەیشتنێکی درووستی لەم ڕاستییە نییە کە بە بێ هەڵگرتنی سەرجەم ئەو گەمارۆیانەی کە لە دژی گەلی ئێران لە قۆناغی پاش کشانەوەی ئەم وڵاتە لە ڕێکەوتنی ناوەکی جێبەجێی کردووە، ڕێگایەکی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە نییە.
بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام دەکات ” ئەو هەنگاوانەی کە ڕەنگە بۆ پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی گونجاو بێت، بە تایبەت ئەنجامدانی ئەو هەنگاوانەی کە لە گەڵ بەرنامەی جێبەجێکردنی ئاماژەپێدراو لە ڕێکەوتنەکە و ئەم بڕیارە گونجاو بێت، خۆیان لە هەر هەوڵ و هەنگاوێک کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی لاواز دەکات بە دوور بگرن “.
ئامانجی سەرەکی دانوستانەکانی ئێستا دەبێت جێبەجێکردنی تەواو و کاریگەری ڕێکەوتنی ناوەکی و بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هاوکارییە ئابورییە بەردەوامەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بێت. ئاشکرایە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، ئێران دەبێت بتوانێت بە شێوازی تەواو لە هەڵگرتنی گەمارۆکان سوود وەربگرێت. ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە تا لە ئەگەری دەستەبەرکردن، تاوتوێکردنی ڕێژەی زیانەکان و هەڵگرتنی کاریگەر و تاقیکردنەوەی ڕاستییەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان، هەنگاوە بەرامبەرەکانی خۆی ڕابگرێت.
ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بابەتێکی گرنگ بۆ ئێمە نابێت، مەگەر ئەوەی کە ئەوەمان بۆ دەستەبەر بکرێت کە ئەزموونی تاڵی ڕابردوو دووبارە نابێتەوە و هاوبەشە ئابورییەکانی ئێران بتوانن بە دڵنیایی تەواو و بە بێ نیگەرانی درێژە بە پەیوەندی و هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانیان بدەن.
ئەوەی کە لە دانوستانەکاندا ڕوونە، ئەوەیە کە ئێران بە نیازپاکییەوە هاتووەتە پێشەوە تا بگاتە ڕێکەوتنێکی باش و هەر داواکارییەکی دیکە لە دەرەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ڕەتدەکاتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە نییە دانوستان ناکات.
پێم خۆشە جارێکی دیکە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەم دەرفەتە، دەرەچەیەک نییە کە بۆ هەمیشە بە کراوەیی بمێنێتەوە و ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی دەبێت لەم ڕاستییە تێبگەن. کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ هەوڵە بەهێز و چالاکە دیپلۆماسییەکان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوکات بەرنامەیەکی کاریگەری بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان و لە چوارچێوەی پلانی گەشەی بەردەوامی ئابوری وڵات هەیە.
بێگومان تاران بە هەمان ڕێژە کە پابەندە بەوەی پلانی ئاشتیخوازانەی ناوەکی خۆی بەلاڕێدا نەبات، پابەندیشە بە پاراستنی دەسکەوتەکانی زانایان و پیشەسازی ناوەکی ئاشتیخوازانەی خۆی.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەگەری ڕێکەوتن لە بەردەستە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی بەرامبەر بە کردەوە بوونی هەبێت.
سەرەڕای بێ بەڵێنی لایەنەکانی ڕۆژئاوا و بێ متمانەیی بە تێڕوانین و سیاسەتە تێکدەرەکانی کۆشکی سپی، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ” ئیرادەیەکی ڕاستەقینە ” و ” نیازپاکی ” لە گەڕی نوێی دانوستانەکانی ڤیەننا هەوڵ دەدات بگاتە ” ڕێکەوتنێکی باش “، بەردەوام و تاقیکراوەی کاریگەر لە بواری هەڵگرتنی گەمارۆکان. شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەبوونی نیازپاکی و جیدیبوون، چالاکانە بەشدارە لە دانوستانەکانی تایبەت بە دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران. من و هاوکارەکانم بە تەواوی لە شاندی دانوستانکار و هەروەها دانوستانکاری باڵا بەڕێز دکتۆر باقری کە ئەزموونێکی تەواوی لەم بوارەدا هەیە پاڵپشتی دەکەین و ئەگەر پێویست بکات لە گەڵ هاوتاکانی خۆم ڕاوێژی زیاترم دەبێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران