بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل ئولیانۆف شەوی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە سەرەڕای بوونی کەشێکی دژوار و ناکۆکیی نێوان ئێران و ئەمریکا، شانسێکی ڕاستەقینە بۆ ڕێکەوتن لە ڤیەننا بوونی هەیە.
ناوبراو وتی: هەلومەرجێکی زۆر دژوار دەبینرێت و بە ڕوونی ئەوە دەبینرێت کە ناکۆکی نێوان ئێرانییەکان و ئەمریکییەکان زۆرە، چ لە دانوستانەکانی پێشوو و چ لە دانوستانەکانی ئێستا.
نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا وتی: سەرەڕای ئەمەش، پێم وایە کە هێشتا دەرفەت و شانسی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی پرسەکان لە ڕێگای دیپلۆماسی و دانوستانەوە هەیە.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ڕووسیا سەبارەت بە ناکۆکییە جیدییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وتی: ئێران لە ئێستادا بەشێکی زۆری بەڵێنەکانی خۆیی لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا هەڵپەساردووە بەڵام دەبێت لەوەش تێبگەین کە ئەم هەڵسووکەوتەی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە سیاسەتی نابەرپرسانەی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکا و سەپاندنی سزا و گەمارۆکان بووە.
ئولیانۆف وتی: ئێران خۆڕاگری دەکات، ئەمەش چاوەڕوانکراو بووە و جێی سەرسوڕمان نییە.
وتیشی کە ئەمریکییەکان دەبێت پێش هەموو شتێک گەمارۆکان هەڵبگرن و ئێرانیش دەبێت پلانی ناوەکیی خۆی بە پێی ڕێکەوتنی ڤیەننا ڕێکبخاتەوە./.