بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لوتفی ئەلوان وەزیری دارایی تورکیا وازی لە پۆستەکەی هێنا. لە سێ هەفتەی ڕابردوو تا ئێستا پرسی دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراو لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا بە تایبەت لای شارەزایانی سیاسییەوە باس دەکرا.
بە وتەی شارەزایانی سیاسی، ئەلوان دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان بووە سەبارەت بە گوشارخستنە سەر بانکی ناوەندی بۆ دابەزاندنی نرخی سوودی بانکی و لەم پێناوەدا چەندین جار بۆچوونی خۆیی بۆ ڕای گشتی تورکیا ئاشکرا کردبوو.
لە پاش وتارەکەی ئەم دواییەی ئەردۆغان سەبارەت بە پێویستی دابەزینی نرخی سوودی بانکی لە تورکیا، بەهای لیری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکا و دراوەکانی دیکە گەیشتە نزمترین ئاستی مێژووی خۆی.
شارەزایانی ئابوری بە ئاماژە بەوەی کە تا ئێستا بە هۆی دژایەتی سیاسەتەکانی ئەردۆغانەوە دوو سەرۆکی بانکی ناوەندی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، دەڵێن کە بەم دۆخە ئابورییەوە ڕەنگە دوورخستنەوەی وەزیرەکان وەک ڕێگاچارەیەکی کاتی سەیر بکرێت بەڵام نەبوونی گۆڕانکاری سەرەکی لە ژێرخانەکان و لەبەرچاونەگرتنی سەربەخۆیی دامەزراوەکانی دیکە بە تایبەت بانکی ناوەندی، هۆکاری بەردەوامبوونی قەیرانی ئابوری و داراییە لە تورکیا.
سەرۆک کۆماری تورکیا نوردەین نەباتیی وەک وەزیری نوێی دارایی ئەم وڵاتە دەستنیشان کرد.