بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقە، ئەمڕۆ لە گەڵ سەرکردەی ئەو لایەنانە کۆبووە کە تا ئێستاش ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دووپات دەکەنەوە.
لەو کۆبوونەوەدا کە لە ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بەڕێوەچوو، بەدەر لە ناوبراو، هەر یەک لە سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، ئەبو ئالا لوایی ئەمینداری گشتی کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا و فالح فەیاز سەرۆکی هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی بەشدارییان کردووە.
کۆبوونەوەکەش بە مەبەستی وتووێژ و ڕاوێژ لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ناوماڵی شێعە پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بووە./.