بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەکەی شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی باقری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و نوێنەرانی سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەوە بەڕێوەچوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆژە پێشنیارێکی خۆیی ڕادەستی لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی کرد.
ئەو پێشنیارەش دوو بابەتی سەرەکیی لەخۆ گرتووە، یەکەم، هەڵگرتنی گەمارۆکان و دووەم، گەیشتن بە ڕێکەوتنی چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
پێشترباقری ئەوەی بە پەیامنێران ڕاگەیاند کە لایەنەکانی بەرامبەر پێویستە پێشنیارەکانی ئێران تاوتوێ بکەن و ئامادەیی تەواویان بۆ دانوستانی جیدی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.
ناوبراو وتی کە هیوادارین لایەنەکانی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەر ئەو پێشنیارانە بگەنە کۆدەنگی و ئامادەی ئەوەشین کە لەو پێناوەدا درێژە بە دانوستانەکان بدەین./.