بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شێعەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ئەنجامەکان ڕەتدەکرێتەوە لە بەر ئەوەی کە کۆمیسیۆن پێشتر ئەو ئەنجامەی ئامادە کردووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شێعەکان ڕایگەیاندووە کە کۆمیسیۆن و دەزگای دادوەری بە جیدی سکاڵای لایەنەکانیان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ نەکردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەوان جارێک باسی ئەوەیان دەکرد کە لە هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان گۆڕانکاری بەرچاو ڕوویداوە و جارێکی دیکە ڕایاندەگەیاند کە ئەنجامی هەژمارکردنەوەی دەستی و ئەلیکترۆنی وەک یەکە و جیاوازییەکی نەبووە.
بەیاننامەکە داوای لە دەزگای دادی عێراق کردووە کە بە دوور لە کاریگەرییە سیاسییەکان، پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بکات تا دادپەروەری لە بەرامبەر خەڵک و دەنگەکانی ئەوان بەدی بکرێت./.