بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتی لوبنان وتی: حکومەتی ئێستای لوبنان بە سەرۆکایەتی نەجیب میقاتی لە کاتی دەستبەکاربوونی تا ئێستا ڕوبەڕوی شەپۆلی هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بووەتەوە، هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم حکومەتە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە حکومەتی حیزبوڵڵایە بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە بەڵکوو حکومەتێکە بۆ سەرجەم لوبنانییەکان و تا ئێستا ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی دژوار بووەتەوە، سەرەڕای ئەمەش گەشبینین کە ئەم حکومەتە، حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی دەبێت.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە لێدوانەکانی من و ڕەخنەکان لە شەڕی سەپێندراوی سعوودیە لە دژی یەمەن هۆکاری کێشەکانی ئێستای حکومەتی لوبنان نییە بەڵکوو وەزیری دەرەوەی سعوودیە چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشەکانی نێوان ڕیاز و بەیروت زۆر گەورەترە لەو لێدوانە و پەیوەندی بە بوونی حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە هەیە، ئەمەش بەردەوام لای بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس باس کراوە.
قەرداحی وتی: کۆمەڵگای لوبنان بە سەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەک پەسەندی هەڵوێستەکەی من دەکەن و وەک ئازادی ڕادەربڕین و سەربەخۆیی و سەروەری لوبنان باسی دەکەن و بەرەیەکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر من. من لە هەمان سەرەتاوە بە سەرۆک وەزیرانم ڕاگەیاند کە پۆست و بەرپرسیاریەتیم ناوێت بەڵام زۆر کەسێک داوایان کردووە کە خۆم بە دەستەوە نەدەم لە بەر ئەوەی کە ئەمە پەیوەندی بە سەربەخۆیی و سەروەری لوبنانەوە هەیە، زۆربەی خەڵک نایانەوێت من دەست لە کار بکێشمەوە و لە لایەکی دیکەوە داواکاریش بۆ وازهێنانم هەیە، من هەڵەیەکم نەکردووە، بە تایبەت ئەوەی کە لێدوانەکانم دوو مانگ پێش بوونم بە وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان بووە.
وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان وتی کە لێدوانەکانی من بووەتە بیانوویەک بۆ پیلانگێڕی لە دژی لوبنان و وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە ڕاشکاوانە ئەوەی باس کردووە بەڵام لوبنان لە ئێستادا کەوتووەتە بەردەم مەترسییەکی گەورە./.