بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێ شەممە ڕایگەیاند کە گەل و حکومەتی پاکستان لە پێناو بە دەستهێنانی سەروەری و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، درێژە بە پاڵپشتییەکانی خۆیان لە گەلی فەڵەستین دەدەن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی ڕەوای گەلی فەڵەستینە و هیچ کات حاشای لێناکرێت و پاکستان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بە شێوازی دادپەروەرانە دۆسیەی فەڵەستین چارەسەر بکرێت.
پاکستان ڕژێمی زایۆنیستی بە فەرمی ناناسێت و بەردەوام لە بەرامبەر دەسدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە، پاڵپشتیی لە فەڵەستینییەکان کردووە.
ڕۆژی دووشەممەش کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی پاکستان بۆ ڕاگەیاندن و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین بەڕێوەچوو./.