جەبار یاوەر لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە زیاتربوونی جموجوڵ و چالاکی تیرۆریستانی داعش، ڕایگەیاند کە گرووپی تیرۆریستی داعش هێشتا چالاکە و نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش و تەنانەت لە ئەورووپاش لە ڕووی سەربازی و ئایدۆلۆژییەوە بەردەوامە لە پەرەپێدان بەچالاکییەکانی.
دەقی ئەم وتووێژەش لە درێژەدا هاتووە:
هۆکارەکانی زیاتربوونی جموجوڵی تیرۆریستانی داعش لە چیدا دەبینن؟
زیاتربوونی جموجوڵەکانی داعش لە سنورەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێڵێکی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە کە لە ناوچەی خانەقین لە سەر سنوری ئێرانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ناوچەکانی سحێلا لە نزیک سنورەکانی سوریا، لە بەرامبەردا هێڵێکی دابەشبوونی هێزەکانی سوپای عێراقیش هەیە کە بە هەمان شێواز لە سنوری خانەقین لە سنورەکانی ئێرانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ناوچەکانی سحێلا. لە هەندیک ناوچە بۆشایی نێوان ئەم دوو هێڵە دەگاتە نزیکەی 40 کیلۆمەتر پانتایی و 20 کیلۆمەتر درێژی کە بووەتە پەناگەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەم هەلەش بۆ هێرشی سەر هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش بەکار دێنن. لە لایەکی دیکەوە هەندێک ناوچەی وەک کفری، توزخورماتو، باشور یان ڕۆژئاوای کەرکوک، چیای قەرەچوخ یان چیای حەمرین کە لە ڕووی جوگرافییەوە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و شێوازی جوگرافیی ناوچەکان بووەتە هاوکارییەک بۆ تەشەنەسەندنی داعش و لەو ڕێگاشەوە پەلاماری هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دەدەن. بەدەر لەمەش هەماهەنگی نزیک لە ڕووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش لەو ناوچانەی تایبەت بە مادەی 140 نییە کە دەکەوێتە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین، هەولێر و نەینەوا. ئەمانە هۆکاری سەرەکین لە زیاتربوونی جموجوڵی تیرۆریستانی داعش بە تاینەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا. بە پێی ئامارێک لە دە مانگەی ئەمساڵدا لەو ناوچانە 206 کردەی تیرۆریستی هەبووە کە بوونەتە هۆکاری کوژران و بریندارکردن و ڕفاندنی 837 کەس کە لە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە و هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو ناوچانەن.
ئایا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە سەر ئەم دۆخەی کە باس کرا کاریگەریی هەیە؟
من باسی پەیوەندییە سەربازییەکان دەکەم، هەوڵێکی بەردەوام و توندووتۆڵ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبووە بۆ ئەوەی کە هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق هەبێت، ڕێکەوتنیش لە سەر کردنەوەی بنکەی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبووە لە ناوچەکانی وەک کەرکوک، موسڵ، مەخمور، هەولێر، بەغدا و …. کە بۆ ڕاییکردن یان ئاسانکاری لە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ئەم دوو هێزە لەو دوو هێڵەی کە هێزەکانی تێدا دابەش کراون. بەڵام سەرەڕای داکۆکی حکومەتی هەرێم و ئەو لێژنە باڵایانەی کە تێیدا وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەندام بووین، هەماهەنگی بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامێکی نەبووە و ئامادەین بۆ هەر چەشنە هەماهەنگییەک لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە. کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان لە عێراق بە گشتی وەک هۆکارێکی نەبوونی هەماهەنگییە لە ڕووی ئەنجامەندانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
هۆکاری زیاتربوونی جموجوڵەکانی داعش لە پارێزگای دیالە چییە، بەو پێیەی کە نزیکە لە سنورەکانی ئێرانەوە، ئایا وەک پلانێک بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی سنورەکانی عێراق و ئەم وڵاتە نییە؟
بابەتی تەشەنەسەندنی داعش لە پارێزگای دیالە پەیوەندی بە پرسی سنورەوە نییە لە بەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچ چالاکی و کردەوەیەکی تیرۆریستی لە نزیک سنورەکانی ئێرانەوە نەبینراوە، پێشتر ئەوەی کە ڕوویداوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ لە شارەبان بووە کە دوورە لە سنورەوە یان هەندێک جار لە نزیک خانەقین، لە قەرەتەپە و کفری و لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژئاوای کەرکوکیش کە ئاماژە درا چالاکییان هەبووە، یان لە مەخمور و قەرەچوخ، بڕوا ناکەم کە ئەمە پەیوەندی بە سنورەکانی نێوان عێراق و ئێرانەوە هەبێت بەڵکوو پلانێکی تیرۆریستانی داعشە بۆ ئەوەی پیشان بدەن کە هێشتا خاوەن هێزن و دەتوانن ئاسایشی ئەم ناوچانە تێک بدەن.
ئایا هاوکاری هەواڵگری لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕێگری لە جموجوڵەکانی داعش هەیە، ئەگەر هەیە بۆ کاریگەریی نییە و تیرۆریستان بەردەوامن لە چالاکییەکانیان؟
هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانیش هەیە و بەردەوام ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لە نێوان لایەنەکاندا دەکرێت بەڵام جوگرافیەتی ئاڵۆزی ئەو ناوچانەی کە لە ئێستادا جموجوڵی تیرۆریستانی داعشیان تێدایە لە گەڵ نەبوونی هەماهەنگی سەربازی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ڕووی ئۆپەراسیۆنەوە و هەروەها بوونی کێشە لە ڕووی زەوی و زاری ناوچە کێشە لە سەرەکان و ئەو هەلومەرجە سیاسییەی عێراق ڕۆڵی لە زیاتربوونی چالاکی تیرۆریستانی داعش هەبووە بووەتە هۆکارێک بۆ زیاتربوونی جموجوڵەکان. داعش لە ئێستادا تەکتیکی نوێی شەڕی پارتیزانی بەکار دێنێت یان پەلاماردانی بنکە سەربازییەکان لە دوورەوە بە قەناس کە دوربینی شەوی حەراریی لە سەرە و دەتوانێت چاودێری جموجوڵی هێزە سەربازییەکان بکات، یان بەکارهێنانی مین لە سەر ڕێگا سەربازییەکان کە داعش گومان دەکات هێزەکانی پێشمەرگە یان سوپای عێراق بە هانای بنکە سەربازییە پەلاماردراوەکاندا دەچن.
ئایا تیرۆریستانی داعش لە چیای قەرەچووخ ماون، بۆ پلانی لەناوبردنیان نییە؟
تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی چیای قەرەچووخ و حەمرین بوونیان هەیە، لەو ناوچانەی بۆشاییە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق، لەو ناوچانەی کە ئاماژە درا، تیرۆریستانی داعش تەنانەت لە ناوچەی تارمیەی بەغداش چالاکییان هەبووە، لە بەر ئەوەش گرووپی تیرۆریستی داعش هێشتا گرووپێکی چالاکە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە سوریا، لیبیا، یەمەن، ئەفغانستان و تەنانەت لە ئەورووپا، نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە ڕووی فیکری و ئایدۆلۆژییەوە بەردەوامە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد