بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیلهام عەلیۆف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان پاش چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و واژۆکردنی گرێبەستی گواستنەوەی گازی تورکمانستان لە خاکی ئێرانەوە بۆ کۆماری ئازەربایجان وتی: ئێمە گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئێران دەدەین، پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان پاش ئەمەش گەشە دەستێنێت. خەڵک و حکومەتەکانی هەر دوو وڵات برادەرن.
ناوبراو وتی: دانوستانی ئەمجارەی نێوان هەر دوو لا جارێکی دیکە پیشان دەدات کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان لە ئاستێکی باڵادایە و پەیوەندییەکی پتەو و مێژووییان پێکەوە هەیە.
سەرۆک کۆماری ئازەربایجان بە ئاماژە بەو گرێبەستە سێقۆڵییە وتی: ئەمە هاوکارییەکی هاوبەشە کە نیازپاکیی لایەنەکان پیشان دەدات و لە ڕووی ئابورییەوە بایەخێکی زۆری هەیە.
بە پێی ڕێکەوتنی سێقۆڵی، تورکمانستان ڕۆژانە 5 تا 6 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی کۆماری ئازەربایجان دەکات، ئەو گازەش لە خاکی ئێرانەوە ترانزێت دەکرێت. ئێران گازی پێویستی خۆی بۆ 5 پارێزگا لە ڕێگای مافی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ گواستنەوەی ئەو گازە دابین دەکات. گرێبەستەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر بە پێی گرێبەستەکە، ئێران لە سنوری تورکمانستان گازی هەناردەکراوی ئەو وڵاتە وەردەگرێت و بەو ڕێژەیە لە سنوری ئازەربایجان گاز ڕادەست دەکات./.