بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جام فەتلاوی جێگری پارێزگاری کەربەلا ڕایگەیاند کە ئەم پارێزگایە ساڵانە پێشوازی لە 50 ملیۆن زیارەتکاری عێراقی و بیانی دەکات بەڵام سەرەڕای ئەم ژمارە زۆرە، کەربەلا لە داهاتەکانی بێبەش کراوە.
ناوبراو وتی: حکومەتی بەغدا لە هەر زیارەتکارێکی بیانی یەک دۆلار وەردەگرێت و لەو داهاتەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەربەلا ڕادەستی پارێزگاکە ناکرێت.
فەتلاوی وتی کە حکومەتی عێراق دەبێت دادپەروەری ڕەچاو بکات و بەشێک لەو داهاتانەش بۆ کەربەلا تەرخان بکرێت.
وتیشی کە حکومەت بودجەی هەر پارێزگایەک بە پێی ژمارەی دانیشتووانەکەی دابین دەکات بەڵام ئەمە لە زیانی کەربەلایە، لە بەر ئەوەی کە بودجەکە تەنیا بۆ یەک ملیۆن و 250 هەزار هاووڵاتی کەربەلایە بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی دانیشتووانی کەربەلا دوو ملیۆن و 250 هەزار کەسە و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە باشور و ناوچەکانی دیکەوە نیشتەجێی کەربەلان، هەر بۆیە پێویستە ژمارەی دانیشتووانەکەی بەم شێوازە هەژمار بکرێت و بودجەی زیاتر بۆ ئەم پارێزگایە تەرخان بکرێت./.