بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە 28 ی تشرینی دووەمی 2021، لە پانزەیەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی ئیکۆ کە لە شاری عیشق ئابادی تورکمانستان بەڕێوەچوو، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگییەکی تایبەت بە هاوکاری و هاوبەشیی ئابوری لە گەڵ وڵاتانی ئاسیایی بە تایبەت دراوسێکانی خۆی دەدات.
ناوبراو وتی: بێگومان بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوچەییەکان لە پێناو ئاسانکاری لە پەیوەندییە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەکان لە لایەن ئێمەوە گرنگیی پێدەدرێت و یەک لەوانەش ڕێکخراوی هاریکاری ئابوری ئیکۆیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا وتی: کۆمەڵەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئیکۆ چەندین تایبەتمەندی گرنگیان هەیە، وەک 500 ملیۆن ڕێژەی دانیشتووان، خاوەندارێتی یەک لە سەر سێی سەرچاوەکانی وزەی جیهان، پێگەی جوگرافیی گرنگ لە گەڵ ئەورووپا و چین و ڕووسیا لە گەڵ کەنداوی فارس و ئۆقیانووسی هیند، هێزی مرۆڤیی گەنج و بەتوانا و شووناسێکی دەوڵەمەند بە ناوی ئیسلام.
ڕەئیسی وتی: ئێمە تەنیا دراوسێیەکی بەهێز نین بەڵکوو میراتبەر و هاندەری شووناسێکی ڕەسەنین کە سەرچاوەی لە کەلتوری ئیسلامی وەردەگرێت و دەتوانێت داهاتووی مرۆڤایەتی لە درەوشاوەترین حاڵەتدا ڕێبەرایەتی بکات و هەروەها لە توانایدایە کە ڕەهەندە مەعنەوییەکان ببەخشێتە هاوکارییە ئابوری و داراییەکان، بەڵام هێشتا مەودایەکی زۆر لە نێوان دەفرایەتییەکان و دۆخی ئێستا دەبینرێت، بۆ نموونە، سەرەڕای دەفرایەتییەکی زۆری، بازرگانیی نێوان وڵاتانی ئەم کۆمەڵەیە کەمتر لە سەدا 10 تۆمار کراوە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە ئیکۆ و بەرزکردنەوەی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەم ڕێکخراوە دەدات، ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەرفەتی گەیشتن بەو پێگەیەش بوونی هەیە و لە ئەگەری هاوکاری هاوبەش دەتوانێت بەدەر لە پێشکەوتنی دارایی وڵاتان، بەختەوەری جیلەکانی داهاتووش دەستەبەر بکات./.