بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد ئیزەدی، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا لە نێوان ئێران و وڵاتانی 1+4، وتی: ئەگەر حکومەتەکەی بایدن بیەوێت درێژەپێدەری هەمان سیاسەتەکانی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بێت – کە لە یەک ساڵی ڕابردوو سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان هەبووە – ئەگەری ئەوەی کە لایەنەکان زوو بگەنە ئەنجام، لاوازە.
ناوبراو سەبارەت بە خاڵی دەستپێکی دانوستانەکان، وتی: ئەوەی کە خاڵی دەستپێکی دانوستانەکان لە کوێوە بێت پێناچێت کە پرسی سەرەکی بێت، گرنگترین پرسی تایبەت بەو دانوستانانە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا کە تاکلایانە لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە، ئیرادەیەکی بۆ پێداچوونەوە بە تێڕوانین و سیاسەتەکانی لە بەرامبەر ئەم ڕێکەوتنەدا هەیە یان نە. ئەگەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا ببینرێت بە بۆچوونی من جیاوازییەکی نییە کە دانوستانەکان لە چ خاڵێکەوە دەست پێبکاتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە، وتی: لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی شاندی دانوستانکاری ئێران هەوڵی ئەوەیان دەدا بە هەر شێوازێک بگەنە ڕێکەوتن، بە بێ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە کە ئەو ڕێکەوتنە تا چەندە لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران دەبێت، بەڵام ئەم تێڕوانینە لە کابینەی ئێستای ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی تووشی گۆڕانکاری بووە و شاندی دانوستانکار دەیەوێت زیاتر گرنگی بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بدات.
ئیزەدی سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەگەری شکست هێنانی دانوستانەکانیش، وتی: هەلومەرجی فرۆشتنی نەوتی ئێران بەرەو باشتربوون دەڕوات، ئەمەش هەمان خاڵە کە بووەتە جێی مەترسیی ئەمریکا کە کاریگەری گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران کەم ببێتەوە. ئەوان بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هەوڵی سفرکردنی داهاتی نەوتی ئێران دەدەن بەڵام چاوەڕوانییەکانی واشنتن مسۆگەر نەبووە و یەکێک لە پاڵنەرەکانی گەڕانەوەیان بۆ دانوستانەکانیش هەر ئەم بابەتەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە پێکهاتەی سزا و گەمارۆکان تێکشکاوە و تووشی کێشە بووە و پێویستی بە دەقێکی نوێ هەیە تا بەردەوام بێت و کاریگەرییەکانی لە دەست نەدات، وتی: لە ڕێکەوتنی ژنێڤ کە 2 ساڵ پێش ڕێکەوتنی ڤیەننا کرا، وشەی Free بە واتای سستبوون بەکار هات، لە بەر ئەوەی کە لە گەمارۆ بێ کاریگەرەکان ماندوو بوون. ئەمەش دووبارە ڕوو دەدات و گەمارۆکان دیسانەوە کاریگەری خۆیان لە دەست دەدەن، بەم هۆیەوە لایەنەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا هەوڵی دەق و ڕێکەوتنێکی نوێ دەدەن تا ڕێگری لە بێ کاریگەربوونی سەرجەم ئەو گەمارۆیانە بکەن کە لە ساڵانی ڕابردوو دژ بە ئێران جێبەجێ کراوە./.