بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەراوێزی بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی ئیکۆ کە لە پایتەختی تورکمانستان بەڕێوەچوو، لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بەوەی کە دەفرایەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕە ئابوری و بازرگانییەکانی تاران و ئەنکەرە لەمەی ئێستای زیارە، وتی: ئێران و تورکیا دەتوانن بە بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی و ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا، پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی خۆیان تا ئاستی ستراتیژی بەرز بکەنەوە.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە بوارە جیاجیاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە، وتی: ئێران و تورکیا لە بەشە جیاجیاکانی وەک وزە، بانکی و دارایی، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و پرۆژە ئابورییەکان پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانیان بدەن.
ناوبراو لە درێژەدا نزیکایەتی نێوان ئێران، تورکیا و ئازەربایجانی بە گرنگ ناو برد و وتی: هەر سێ وڵات خاوەنی خاڵی هاوبەشی زۆرن لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، ئائینی و مێژوویی و وێڕای ئەوەی کە نابێت دەرفەتی ئەوە بدرێت گرفت بخرێتە بەردەم پەیوەندییەکانەوە، نابێت موڵەتی ئەوەش بدرێت گرووپەکانی وەک داعش و پەکەکە مەترسی لە سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دابنێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە ئەفغانستانیش وتی کە تاران پاڵپشتی لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لەو وڵاتە دەکات و لەو بڕوایەداین کە سەرجەم پێکهاتەکان دەبێت لە داهاتووی ئەفغانستان ڕۆڵیان هەبێت.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی کە دەبێت لە سەرجەم تواناکانی خۆمان بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کەڵک وەربگرین.
ناوبراو جەختی لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و ڕێزگرتن لە سەروەری ئەم وڵاتە کردەوە و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و قبووڵکراوی خەڵکی عێراق دەکاتەوە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێویست دەزانێت، بە تایبەت لە بواری ئابوریدا کە دەکرێت جوڵەیەکی بەرچاو لە پەیوەندییەکاندا ببینرێت./.