بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم بزوتنەوەیە درێژە بە ڕێکخستن، مەشق و ڕاهێنان، پڕچەککردن و کۆکردنەوەی هێزەکانی دەدات تا بۆ هەر شەڕێک ئامادە بن کە ڕەنگە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕوو بدات.
ناوبراو لە میانەی وتارێکی لە کۆنفرانسی عەرەبی بۆ پاڵپشتی لە بەندکراوانی زیندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: پرسی ڕووخانی ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا بەندە بە کاتەوە و بە دڵنیاییەوە کە ئەوە ڕوو دەدات و ئەم ڕژێمە بە هۆی بوونی خۆڕاگرییەوە هیچ شەرعییەتێکی نابێت.
ناوبراو بەرامبەر بە تێکۆشەرانی فەڵەستینی وتی کە حیزبوڵڵا لە گەڵ ئێوەیە و بڕوای بە سەرکەوتن هەیە.
شێخ نەعیم قاسم وتی: ئەو دەنگە ناڕەزانەی کە لە دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان و ناوچەکە دەبیسترێت بۆ ئەوەیە کە حیزبوڵڵا لە سەنگەری خۆڕاگری و لە گەڵ فەڵەستن و گەلەکەی و ئازادکردنی و هەروەها لە گەڵ مرۆڤایەتیدایە، ئەو ناڕەزایەتییەش لە ڕاستیدا شوێنکەوتوویی و گوێڕایەڵیی ئەمریکا و سازشتکارانی شکستخواردووە و کاریگەریی لە سەر ئێمە نابێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان بەرامبەر بەوانەش کە پێیان وایە بەرگری لە فەڵەستین بەرپرسیاریەتی ئەوان نییە، وتی: هەمووان دەبێت بزانن کە فەڵەستین ناوەندە، ئەگەر ئازاد کرا و ئاسایشی هەبوو، سەرجەم ناوچەکە ئازاد دەکرێت و ئەگەر فەڵەستین بە داگیرکاری بمێنێتەوە بە واتای ئەوەیە کە سەرجەم ناوچەکە لە ژێر مەترسییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا دەبێت.
وتیشی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، لاوازترین پرۆسەی ئاشتی و ناپاکترین هەڵوێستە و ئەوانەش ئەگەر بیر لەوە دەکەنەوە کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەرگری لە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن./.