بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی وەک ئیمارات و مەغریب لە هاوپەیمانی و گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش لە گەڵ ڕژێمی ئیسرائیل، ئیدانە دەکرێت و لە ڕووی شەرعەوە حەرامە و هەروەها بە خیانەت لە مافەکانی گەلی فەڵەستین دادەنرێت.
لەو بەیاننامەیەدا کە واژۆی عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانی لە سەرە، جەخت لە سەر یەکڕیزی ئیسلامی بۆ پاڵپشتی لە مزگەوتی ئەقسا، قودس، فەڵەستین و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و دژایەتیکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە کراوەتەوە.
یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان جەختی لە سەر هەڵوێستی پێشووی خۆی بۆ ئیدانەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە خیانەتە لە سەر دۆسیەی فەڵەستین وەک دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلام.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان داوای یەکڕیزی ئیسلامی و کەڵک وەرگرتنی لە سەرجەم توانا و دەفرایەتییەکان بۆ ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە تایبەت قودس و مزگەوتی ئەقسا کردووەتەوە.
ساڵی ڕابردوو هەر یەک لە وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، سودان و مەغریب پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە./.