بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند کە جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتێکی دوژمنکارانەی لە دژی عێراق گرتووەتەبەر و هەڵوێستەکانی بووەتە هۆکاری شڵەژان و کێشە سیاسییەکان و ڕاپۆرتێکی ناڕاستی لە پاش هەڵبژاردنەکان داوەتە ئەنجومەنی ئاسایش کە کێشەکانی عێراقی زیاتر کردووە.
ناوبراو وتی: نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ئاگای لەو بەڵگانە نییە کە بوونی تەزویر و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەسەلمێنن، بەڵێنی ئەوەشی بە چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شێعەکان داوە کە ئەو بەڵگانە ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.
هەورەها وائیل ڕکابی ئەندامێکی دیکەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی کە دەستێوەردانەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناتوانێت گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە عێراقدا بکات.
ناوبراو وتی کە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش موڵەتی دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە، محەممەد ڕکابی ئەندامی بزوتنەوەی مافەکان لە عێراق ڕایگەیاند کە پرۆسەی سیاسی عێراق بۆ خزمەت گەیاندن بە وڵات پێویستی بە ڕێکەوتنی لایەنەکان هەیە و هەڵوێستەکانی پلاسخارت کێشەی خستووەتە بەردەم پرۆسەی سیاسی و کاروباری هەڵبژاردنەکان.
ناوبراو وتی کە پلاسخارت بە دەستێوەردانەکانی بووەتە سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی عێراق و باشترە لەم وڵاتەدا نەمێنێت./.