بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحدا هاتووە کە هادی عامری لە چاوپێکەوتنی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق لە ڕیزی گرنگترین ئامانجەکاندایە و لەم ڕێگایەشدا هەموو هەوڵێکی بەکار دێنێت.
عامری ڕایگەیاند کە دژایەتیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەو بۆنەیەوە بووە کە ئەم کارەساتە بووەتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و لەناوبردنی بنەماکانی دیمۆکراسی کە دەسکەوتی ساڵانێک تیکۆشان و خەباتی گەلی عێراق لە دژی دیکتاتۆریەت بووە.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح هەروەها ڕەخنەی لە پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە لایەن پلاسخارتەوە گرت و وتی کە ئەم پاڵپشتییە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
ناوبراو وتی: بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕاپۆرتەکەی پلاسخارتدا هاتووە، لایەنە ناڕازییەکان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تەنیا ڕێوشوێنی یاساییان گرتووەتەبەر.
عامری بەرامبەر بە پلاسخارت وتی: بەداخەوە کە هیچ هاوکارییەکی عێراقت نەکردووە و وەک نوێنەری وڵاتانی خۆسەپێن هەڵسووکەوت دەکەیت کە ئەمەش قبووڵکراو نابێت.
وتیشی کە ڕاپۆرتەکەی پلاسخارت بووەتە هۆی کێشەی زیاتر لە سەر هەڵبژاردنەکان و لەناوبردنی ڕێگاچارەی سیاسی لە عێراق./.