بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئانیتا باتیا جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاروباری ژنان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: بە پێی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری ژنان، نزیکەی 50 ملیۆن ژن لە ئەنجامی لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆنا تووشی هەژاری بوون.
لەو توێژینەوەدا هاتووە کە ژنان بە دەر لە قەیرانی ئابوری، کاریگەری زۆریان لە بواری تەندرووستیش بەرکەوتووە.
25 ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژییە لە دژی ژنان کە بە یەکێک لە ئاشکراترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت و هەندێک کات بە هۆی بێدەنگی و پاراستنی نهێنییەکانی ژنان، ئاشکرا نابێت.
ئانیتا باتیا ڕایگەیاند کە لە وڵاتانی گەشەسەندوو، زۆربەی ژنان لە بەشی ناحکومی سەرقاڵی چالاکین و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زۆربەی ئەوانی بەرەو قەیرانی دارایی بردووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەگەرچی وڵاتانی جیهان ژمارەیەک ڕێوشوێنیان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکانی کۆرۆنا جێبەجێ کردووە بەڵام زۆربەی ئەوان لە بەرامبەر پێداویستییەکانی ژنان کەمتەرخەمییان کردووە.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وازهێنانی ژنان لە ئیش و کارەکانیان زیاتر لە پیاوان بووە، بە شێوازێک کە لە 55 وڵات، لەم ماوەیەدا 321 ملیۆن ژن و 182 ملیۆن پیاو بێکار بوون./.