بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا بەیرانوەند گوڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران و یانەی بواڤیشتای پۆرتۆگال، ناوی لە کتێبی گینس تۆمار کرا، هۆکارەکەشی بۆ تۆمارکردنی ڕیکۆردی جیهانیی هەڵدانی تۆپ بە دەست دەگەڕێتەوە.
بەیرانوەند لە ڕۆژی 11 ی مانگی 10 ی ساڵی 2016 لە میانەی یارییەکی فەرمیی نێوان هەر دوو هەڵبژاردەی ئێران و کۆریای باشور لە پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018 ی تۆپی پێ کە ئێران تێیدا سەرکەوتوو بوو، بە دەست تۆپێکی 61 مەتر و 66 سەنتی مەتر لە زەوی یارییەکەدا هەڵدا و تا ئێستا هیچ گوڵپارێزێک ئەوەی نەکردووە.
ناوبراو لەم وەرزەدا بە شێوازی خواستن لە یانەی ئانتۆرپی بەلجیکا چووەتە یانەی بواڤیشتای پۆرتۆگال و تا ئێستا 6 جار لەو یانەدا یاریی کردووە.
عەلیڕەزا بەیرانوەند تا ئێستاش 49 جار لە چوارچێوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بە فەرمی یاریی کردووە.