بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە چەند مانگی ڕابردوو لە ڕیزی ڕووداوە گرنگ و بەرچاوەکانی ناوچەکەدا بووە، ئەو دانوستانەی کە بە میوانداری عێراق بەڕێوەچووە و ڕیاز هەوڵ دەدات هەندێک کێشەی خۆی لە ئاستی ناوچەکە لە دانوستانەکاندا جێی بکاتەوە. لەم نێوەندا شەڕی یەمەن، گرنگترین داواکاری حکومەتی سعوودیەیە و هەوڵ دەدات گرێی ئەو کێشەیە لە ڕێگای تارانەوە بکاتەوە و خۆی لەو گێژاوە ڕزگار بکات.
ئێران لە هەر گەڕێکی ئەو دانوستانەدا وەبیری هێناوەتەوە و جەختیکردووەتەوە کە نێوەندگێڕ نییە و وەک نوێنەری یەمەنییەکان دانوستان ناکات و سعوودیە ئەگەر داوای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی لە یەمەن دەکات دەبێت ڕاستەوخۆ لە گەڵ حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن دانوستان بکات.
تا ئێستا چوار گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچووە، لە ئێران دۆسیەی دانوستانەکان لای ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە و نوێنەرێک لەم ئەنجومەنە بەرپرسیاریەتی دانوستانەکانی لە ئەستۆیە.
بە وتەی هەندێک چاودێری سیاسی، داواکارییەکانی لایەنی سعوودیە لە دانوستانەکاندا، دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەزینی گوشاری یەمەنییەکانە لەو شەڕەدا، شەڕێک کە سعوودییەکان بە هاوکاری ئەمریکا هۆکاری پەرەسەندن و کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بێ تاوانی یەمەنن. خاڵی سەرەکی لە سەر یەمەن ئەوەیە کە سعوودیە ئامادە نییە بە کردەوە ئەو شەڕە ڕابگرێت و لە گەڵ یەمەنییەکان دانوستان بکات بەڵکوو ڕاگرتنی ئەو شەڕەش بە کارە مرۆڤدۆستانەکان پەیوەندی دەدات و سەنعاش پێی وایە کە نابێت داواکارییە مرۆڤییەکانی وەک هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی یەمەن بە داواکارییە سیاسییەکانی ڕیاز و واشنتن پەیوەندیی هەبێت. بە واتایەکی باشتر، ئەمریکا و سعوودیە ئەوەی کە لە ڕێگای سەربازییەوە بۆیان مسۆگەر نەکرا، ناتوانن لە ڕێگای دانوستانی سیاسییەوە و بە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بە دەستی بێنن.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن لە ئێستا دەستێکی باڵای هەیە. سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی سوپا و یەکینەکانی گەل بە تایبەت لە مەئرب و هێرشی بەردەوامی درۆنەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییە و ئابورییەکانی سعوودیە، وایکردووە کە ڕیاز زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە ژێر گوشاری ئەو شەڕەدا بێت.
حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی هەوڵ دەدات بەدەر لە کۆتایی شەڕەکە، گەمارۆکانیش بە کۆتایی بگات، لە بەر ئەوەی کە بە بێ هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێستا، خەڵکی یەمەن ناتوانن لەم دۆخە دژوارەی ئێستا ڕزگاریان بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی سعوودیە لە گەڵ ئێران، تاران لە دانوستانەکاندا جەختیکردووەتەوە کە سعوودییەکان پەیوەندییەکانیان پچڕاندووە و دەبێت خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی پێشەنگ بن. خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە لایەنی سعوودی بە هۆی ئەوەی کە شتێکی لە ئێرانەوە دەست نەکەوتووە بەردەوام باس لەوە دەکات کە دانوستانەکان دۆستانە و ڕاشکاوانە بەڵام بێ ئەنجام بووە. ئەڵبەت چاودێرانی سیاسی دەڵێن کە ئەوەی لە دانوستانەکاندا بەرەوپێشچوونی هەبووە، دابینکردنی بەستێنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە ئاستێکی بچووکدا./.