بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاویشەن ڕووەکێکی کێوییە لە نەعنا دەچێت و لە تیرەی نەعناکانە، لاسکی کورت و گەڵای ورد و باریکە و زۆر جوانە و بەرزیی لە 30 تا 40 سم دەبێت، لە بەر بۆنە خۆشەکەشی لە ماست و دۆی دەکەن.
ئاویشەن لە ڕووی تەندرووستییەوە بە گرنگ دادەنرێت، بە شێوازی تازە یان وشککراو یان هاڕاو لە خواردنەکان تێکەڵ دەکرێت. گیراوی ئاویشەن زۆر تەندرووستە.
تایبەتمەندییەکانی گیراوی ئاویشەن
خواردنی گیراوی ئاویشەن لە هەرسکردنی خۆراک و کێشەکانی گەدە و قەبزی ڕۆڵی هەیە. دژی کۆکەیە و لە دەرمانی نەخۆشیی ڕەبو کاریگەریی هەیە. شارەزایان بواری تەندرووستی دەڵێن کە بەکارهێنانی گیراوی ئاویشەن دەتوانێت ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەی هەناسەدان هەبێت.
بۆ چارەسەرکردنی سەرئێشە
ئەم گیراوە هەستێکی ئارام بە مرۆڤ دەبەخشێت، بۆ کەمخەوی باشە، یادەوەرییەکان باشتر دەکات، دژی سەرئێشە و سەرەگێژەیە.
کاریگەری ئاویشەن لە سەر دڵ
بەکارهێنانی گیراوی ئاویشەن یان چای ئاویشەن، لێدانی دڵ ڕێکدەخاتەوە، هەروەها ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە.
پێست درەوشاوە دەکاتەوە
لە هەڵمی گیراوی ئاویشەن دەتوانن بۆ سپیکردنەوەی پێستی دەموچاو کەڵک وەربگرن، هەروەها ئەو گیراوە دەتوانێت بۆ ڕێگری لە ڕوتانەوەی قژ کاریگەری هەبێت.
چۆنیەتی درووستکردنی گیراوی ئاویشەن
بۆ درووستکردنی گیراوی ئاویشەن، یەک کەوچک ئاویشەنی وشککراو لە گەڵ دوو پەرداخ ئاوی کوڵاودا تێکەڵ بکەن، پاشان وەک چا دەبێت بکوڵێت، لە قۆناغی دواتردا دەبێت کەمێک هەنگوینی پێ زیاد بکرێت.
خواردنی گیراوی ئاویشەن بۆ کێ زیانی هەیە؟
بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە گیراوی ئاویشەن بۆ ژنانی دووگیان زیانی هەیە و تەنانەت دەتوانێت مردنی کۆرپەلەکەی ئەوانی بە دواوە بێت، هەر بۆیە ئامۆژگاری ئەوە کراوە کە ژنانی دووگیان گیراوەکە بەکار نەهێنن. ئەوانەی کە دەیانەوێت نەشتەرگەری بکەن دوو هەفتە پێش نەشتەرگەرییەکە نابێت ئاویشەن بخۆن، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە هەندێک کێشە لە خوێنی ئەواندا ڕوو بدات.
بۆ ئەوانەش کێشەی غودەیان هەیە نابێت ئاویشەن بەکار بێنن، ئەوانەش هەستیارییان بە خواردنی هەبێت پێویستە لە خواردنی دووربکەونەوە./.