بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی مەشات سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ڤیلیام دەیڤید گریسلی ڕێکخەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، وتی: سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی یەمەن تاوانی شەڕە کە هەڕەشە لە گیانی زیاتر لە 25 ملیۆن کەس دەکات.
ناوبراو وتی: دوژمنان و لە سەروی هەمووانەوە ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵی شکستهێنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە یەمەن دا و ئێستاش بۆ شکستی هەوڵەکانی نێردەی نوێی ئەو ڕێکخراوە هەمان پیلان جێبەجێ دەکەن.
مەشات داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە گوشارەکان لە سەر ئەمریکا، سعوودیە و هاوپەیمانەکانی بۆ نەهێشتنی گەمارۆکان بە تایبەت گەیشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ یەمەن زیاتر بکەن./.