بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەفتالی بێنت سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ڤیەننا، هەڵوێستی ئەو ڕژێمەی لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ڕاگەیاند.
ناوبراو وتی: ئێرانییەکان لە کاتێکدا کە لەوپەڕی ئاسایشدا دەژیان، بە مووشەک گەمارۆی ئیسرائیلیان داوە و لە دوورەوە ئازاری ئێمە دەدەن و زیانمان پێدەگەێنن.
سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەی کە لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا تەنیا خاوەنی چەکی ناوەکی و کۆمەڵکوژە، بە ئاماژە بە دۆسیەی ناوەکی ئێران، جارێکی دیکە پڕوپاگەندەکانی لە دژی تاران دووبارە کردەوە.
بێنت وتی: ئەگەر ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێران و زلهێزەکاندا هەبێت، ئیسرائیل بەشێک لەو ڕێکەوتنە نییە و پابەندی نابێت و درێژە بە ئازادی کاردانەوەکانی خۆمان دەدەین، ئەمەش یەکەم جار نییە ئەگەر تەنانەت گەڕانەوەیەک بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی هەبێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: هەڵەی پاش ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 دووبارە نابێتەوە، ئەو کات ئێمە لە خەودا بووین و ئێستا لەو هەڵەیە وانە وەردەگرین.
لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کاتێکدایە کە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی ئەم مانگە لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت./.