بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی هەڵەبجە، پێشانگایەکی شێوەکاریی هاوبەش بۆ ٣٢ شێوەکار کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا تابلۆی ژنان سەرنجی ئامادەبوانی ڕاکێشا، کە گوزارشتیان لە تواناییەکانی ژنان دەکرد، شێوەکاران تابلۆی ژنانیان بە پۆشاکی کوردیی و لەکاتی کاردا کێشابوو، بەمەش لەلایەک باسیان لە تواناکانی ژنان دەکرد و لەلایەکی دیکەوە کلتوری کوردەواریی و ژیانی ناو ماڵ و گوندیان نیشان دەدا.
ئاكام ئەكرەم، بە تابلۆی ژنی کورد، کە جلوبەرگی كوردیی پۆشیوە، بەشداریی لە پێشانگاکەدا کردووە و وتی: لەئێستادا هونەرمەندانی كورد وازیان لە بابەتە فۆلكلۆرییە كوردییەكان هێناوە ڕوویان لە كلتوری ڕۆژئاوا كردووە، بۆیە تابلۆكەی من ئەمڕۆ جیاوازترە و ژنێكی كوردە بە جلی نەتەوەیی کوردییەوە.
ئەو هونەرمەندە شێوەکارە باسی لەوەش کرد: دەمەوێت بەردەوام كلتوری كوردیی و تواناكانی ژنان لە تابلۆكانمدا ڕەنگ بدەنەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە بە چەند تابلۆیەک لەو چوارچێوەدا بەشداریی پێشانگاكەم كردووە.
هەروەها، وەک هونەرمەندانى بەشداربوو خۆیان دەڵێن، كردنەوەی پێشانگاكە زۆر گرنگە، چونكە بەرهەمە هونەرییەكانی خۆمانى تێدا دەخەینەڕوو و سودیش لە كار و تواناكانی یەكتر وەردەگرین .
لەو پێشانگا شێوەکارییەى ئەمڕۆدا ٣٢ هونەرمەندی شێوەكار بەشدارییان بەكاری هەڵكۆڵین، نیگار، گرافیك، بەڕەنگ و قەبارەی جیاواز كردووە.