بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەریم مەحمەداوی سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر و لە ئەندامانی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە و میدیایەکی زایۆنیستی، وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەزگای دادوەری دەبێت لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لە گەڵ فۆئاد حوسێن بە هۆی ئەو چاوپێکەوتنەوە دەست پێبکەن.
ناوبراو وتی: دەستوور و یاسای عێراقی بوونی هەر چەشنە پەیوەندییەکی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی قەدەغە کردووە.
مەحمەداوی وتی: هۆشداری دەدەین کە چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە گەڵ میدیایەکی زایۆنیستی، پەیامێکە لە پێناو هاندانی عێراق بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە و ئەمەش خەونێکە کە قەد بەدی ناکرێت، هەرچەندە گوشاریش لە سەر عێراق هەبێت.
ناوبراو وتی: پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێناوە، تەنانەت ئەگەر لە ناوخۆی عێراقیش چەند کەسێک و حکومەتیش پاڵپشتیی بکەن./.