بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوەی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی ناوەندی وێنایی بەشی هونەری، هەڕاجی هونەری مۆدێڕن و هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێکخراوی بوونامز لە 17ی نۆڤێمبەر بە بەشداری 92 بەرهەم لە هونەرمەندانی وڵاتانی ئێران، فەلەستین، لوبنان، سووریا، عێراق و میسر لە لەندەن بەڕێوە چوو.
لەم هەڕاجییەدا لە نێو شاکارە هونەرییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 14 بەرهەمیش لە هونەرمەندانی ئێرانی ؛ حسێن زندە رودی، سۆهراب سپێهری، مارکۆ گریگۆریان، سادق تەبریزی، جەعفەر ڕووح بەخش، ئەردەشیر موحەسس، محەمەد ئیحسایی و بیژەن ڕەفعەتی بۆ فرۆشتن دانران.
کۆی فرۆشەکانی ئەم هەڕاجیە 2 ملیۆن و 442 هەزار و 88 پاوند بوو.
تابلۆی ئەبستراکتی چاک و خراپ Good and Evil بەرهەمی جەواد سەلیم، باوکی مۆدێڕنیزمی عێراقی بە نرخی 83هەزار و 750 پاوند فرۆشرا و جیا لە تۆماری ڕیکۆردێکی جیهانی بۆ ئەم هونەرمەندە عێراقیە، وەک گرانترین بەرهەمی ئەم هەڕاجییەش ناسرا.
تابڵۆی«دال+دال+دال» بەرهەمی «حسێن زندەڕوودی»ش بە 125 هەزار و 250 پاوند فرۆشراو پاش تابلۆی«مرد و اسب(پیاوو ئەسب)» Man and Horse وەک سێهەمین بەرهەمی بەنرخ ناسرا.
حسێن زندە ڕودی لە ساڵی 1316 لەشاری تاران لە دایک بووە و دامەزرێنەری ڕێبازی «سقاخانە»یە لە ئێراندا ، کە بە کەڵک وەرگرتن لە خۆش نووسین، بە کارهێنانی هێماکانی هونەری نەریتی ئێران شێوازێکی نوێی لە پانتای هونەرە وێناییەکانی ئێراندا خولقاند.