لە کاتێکدا کە مەئرب چیدی شارێکی کۆنتڕۆڵنەکراو هەژمار ناکرێت و دوایین هەناسەکانی پێش خۆبەدەستەوەدان هەڵدەمژێت، سعوودیە بەردەوام پێداگری لەوە دەکات تا دوایین شانسی خۆی لە ڕێگای زیاترکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی خەڵکی یەمەن بە ئامانجی ڕازیکردنی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن بۆ وازهێنان لە مەرجەکانی قبووڵکردنی ئاگربەست تاقیبکاتەوە. سعوودییەکان هەروەها هیوایان بەوە هەیە کە بە چەشنێک لەم گێژاوەی شەڕی یەمەن خۆیان دەرباز بکەن.
لە دوایین ئامارەکانی ڕۆژی شەممە – 20 ی تشرینی دووەم – لانیکەم 60 ئامانج لە یەمەن و ئەڵبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی ئەم وڵاتە لە لایەن سعوودییەکانەوە بۆردومان کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەڵامەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا بۆ دوژمن بە زۆرینە سەربازی و ئابوری (دامەزراوەی ئارامکۆ) بووە.
بەم دواییانە هێزەکانی سەر بە ئیمارات لە حەدیدە و ناوچەکانی دیکە پاشەکشەیان کرد، هەرچەندە مانەوەیان هیچ سوودێکی بۆ سعوودیە و هاوپەیمانەکانی نەبوو و نزیکبوونەوەی هۆزەکانی یەمەن لە حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی دوایین گورزی کوشندەی لە هێزەکانی سەر بە ئیمارات دابوو، بەڵام پرسی کشانەوە لەو ناوچانە پەیامێکە بۆ سعوودیە تا پێش بەرەی مەئرب زووتر هەست بە شکستی تەواوی خۆی بکات.
مانۆڕەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا، سعوودیە، ئیمارات و بەحرەین لە دەریای سوور لە ڕاستیدا قبووڵکردنی فەرمیی ئەم شکستەی ڕیاز لە یەمەن و ئەڵبەت چەشنێک هۆشدارییە بۆ ڕۆژانی داهاتووی یەمەن بە بێ بوونی سعوودیە و هێزەکانی بە ناو هاوپەیمان.
هەروەها لەم ڕۆژانەدا هەواڵی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە تەعز و ئەڵبەت لە لایەن هێزەکانی تاریق عەفاش دەبیسترێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کشانەوەی بە کۆمەڵی هێزەکانی ئەم برازایەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کە سەر بە حکومەتی ئیماراتە، لە گەڵ گرووپەکانی ناسراو بە “عمالقە” و “تەهامییەکان” لە ناوچەی کەناراوی، هیچ خوێندنەوەیەک بەدەر لە بێهیوایی لە شەڕ و یاریپێکردنیان لە لایەن ئیماراتەوە هەڵناگرێت.
ڕووخانی دوایین پاشماوەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لە یەمەن، چۆڵکردنی پشتەوەی سعوودیە لە لایەن ئیمارات و یەکگرتنی هێزەکانی گەل و هۆزەکانی یەمەن لە پێکهاتە جیاجیاکان لە گەڵ حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی، تەنیا گێڕانەوەی ڕاستییەکە کە لەم ڕۆژانەدا لە یەمەن دەبینرێت./.