بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پریتی پاتڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستین بە پێی یاسای دژە تیرۆری ساڵی 2000 دەرکراوە و بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت. بەریتانیا لە ساڵی 2001 باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندبوو.
ئەو بڕیارەش دەبێت لە پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێ بکرێت و بخرێتە دەنگدانەوە و لە ئەگەری پەسەندکردنی، لە 26 ی تشرینی دووەمی 2021 دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە پێی زۆرینەی پارێزگاران پێناچێت بەربەستێکی ئەوتۆ لە بەردەم پەسەندکردنی ئەو بڕیارەدا بێت.
بە پێی بڕیارەکەش، هەر چەشنە ئەندامبوونێک لە بزوتنەوەی حەماس، بانگهێشتکردن بۆ پاڵپشتی، هەڵگرتنی ئاڵا یان جلوبەرگێک کە پیشاندەری پاڵپشتی لەم بزوتنەوەیە بێت، بە تاوان دادەنرێت و سزای تا 14 ساڵ زیندانیکردن و هەروەها سزای داراییشی بە دواوە دەبێت.
هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارەش لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی بەریتانیاوە بە پلەی یەکەم بۆ گوشارەکانی لۆبی جولەکە دەگەڕێتەوە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا حەماسی وەک بزوتنەوەیەکی دژە جولەکە ناو بردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی پریتی پاتڵ ئەوەیە کە پاڵپشتی پارتی پارێزگاران و لۆبی جولەکە لە بەریتانیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
ڕێگری لە ڕەوتی پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین لە بەریتانیا یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بڕیارەکەیە. لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە بۆنە جیاجیاکاندا پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەردەبڕی، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەڵام هۆکاری گرنگتر ئەو ڕۆڵە خەراپەیە کە بەریتانیا لە هەماهەنگی تەواو لە گەڵ ئەمریکا دەیگێڕێت، بە تایبەت لەم هەلومەرجەدا کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی سازشت لە نێوان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و تەل ئەبیب دەستپێکردووەتەوە و حکومەتەکەی بایدن بە هەموارکردنەوەی سیاسەتەکەی ترەمپ هەوڵی گەڕانەوەی ڕۆڵی نێوەندگێڕیی خۆی لە دۆسیەی فەڵەستین دەدات. وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێشتر لە میانەی وتارێکی لە واشنتن دانی بەمەدا نابوو.
بەریتانیا ساڵانێکە سیاسەتی نەبوونی پەیوەندیی لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس پەیرەو دەکرد و ئەم بڕیارەش تەنیا سیاسەتەکەی لەندەن بە فەرمی دەکات. هەر بۆیە بە کردەوە بڕیارەکە هیچ گۆڕانکارییەک لە جۆری پەیوەندییەکانی لەندەن و حەماس ناخوڵقێنێت.
ئەگەرچی باس لە چەندین هۆکارێک کرا، بەڵام پێویستە ئاماژە بە سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسیش وەک سعوودیە و ئیمارات لە دژی گەلی فەڵەستین بدرێت. بە هۆی هێزی ئابوری و داراییەوە یان بە واتایەکی دیکە دۆشینی وڵاتانی عەرەبی، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چاویان بە ڕووی سیستەمی دیکتاتۆری ئەو وڵاتانەدا داخستووە و لە دۆسیەی فەڵەستین پێکەوە لە دژی گەلی ئەم وڵاتە و لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاو هەڵدەگرن. پێدەچێت ئەمجارەش بە تیرۆریست ناساندنی حەماس، بژاردەیەکی پێشنیارکراوی سعوودیە و هاوپەیمانەکانی لە دژی خەباتی ڕەوای گەلی فەڵەستین بێت./.