بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عیماد جەمیل موحسین لە ئەندامانی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە سکاڵاکان کاریگەری گرنگ و بەرچاوی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و چارەنووسی کورسییەکانی پەرلەمان هەبووە.
ناوبراو وتی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەیە تا پاش بڕیاری دەزگای دادوەری لە سەر سکاڵاکان و داواکارییەکانی پێداچوونەوە بە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامی کۆتایی ڕابگەێنێت.
عیماد جەمیل وتی: ئەو سندۆقانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەڵوەشاونەتەوە، ناوی کاندیدەکان و ژمارەی کورسییەکانی تووشی گۆڕانکاری کردووە و پاش بڕیاری دەزگای دادوەریش ئەنجامی کۆتایی ئاشکرا دەبێت.
وتیشی کە کۆمیسیۆن ئەنجامەکان لە پاش کۆتایی تاوتوێکردنی سکاڵاکان ڕادەگەێنێت و ناوی ئەندامانی پەرلەمانیش بۆ پەسەندکردن ڕەوانەی دادگای فیدراڵی دەکرێت.
بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی شێعەی عێراق لەو بڕوایەدان کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ت تشرینی یەکەمی 2021 ی ئەم وڵاتە، ساختەکاری و دەستکاریکردنی دەنگەکان ڕوویداوە./.