بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیموراد سەرئەفرازی لە چاوپێکەوتنی نەسیر عەبدولموحسین عەبدوڵڵا باڵیۆزی عێراق لە تاران، بە ئاماژە بە پەیوەندی مێژوویی و نزیکی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە تایبەت لە بواری کشتووکاڵیدا و هەروەها کۆبوونەوەی ئەم دواییەی وەزیرانی کشتووکاڵی هەر دوو وڵات، جەختی لە سەر پێویستی پێکهێنانی لێژنە هاوبەشەکان لە بواری کشتووکاڵیدا کردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتووکاڵی ئێران ئاماژەی بە هەندێک کێشە و گرفتی بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات دا و وتی: باشترکردن و دابینکردنی میکانیزمەکانی یەکەی کەرەنتینی گیایی و چاودێری تەندرووستی لە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە سنورە هاوبەشەکان و تێڕوانینی هاوبەش لەم بوارەدا و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخانەکانی گواستنەوەی کاڵا و کۆگاکانی نێوان ئێران و عێراق و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئێستا لەم بوارەدا بە پێویست دادەنرێت.
سەرئەفرازی هەروەها داوایکرد کە لە کاتی خۆیدا هەواڵی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەروبومە کشتووکاڵییەکان بۆ عێراق بە مەبەستی ڕێگری لە زیانگەیاندن بە وەبەرهێنەران و هەناردەکارانی ئێرانی ڕابگەێندرێت.
ناوبراو ئامادەیی وەزارەتی کشتووکاڵی ئێرانی بۆ واژۆکردنی یادادشتی لێک تێگەیشتنی هاوبەش لە گەڵ وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق دەربڕی و وتی کە دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانستی تەکنیکی لە بەشە جیاجیاکانی کشتووکاڵدا لە نێوان تاران و بەغدا هەیە.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، نەسیر عەبدولموحسین عەبدوڵڵا باڵیۆزی عێراق لە تاران بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و بە تایبەت لە بواری کشتووکاڵی، پێشوازیی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەر ئاستێکدا کرد و ئامادەیی باڵیۆزخانەی عێراقیشی بۆ ئاسانکاری لەو بوارەدا دەربڕی./.