بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق وتی کە لە کۆڕبەندی هاوبەشی بازرگانی عێراق – تورکیا کە بە بەشداری کەرتی تایبەت و حکومیی هەر دوو وڵات لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، پەیامی شاندەکەی عێراق پێکهێنانی بەرەیەکی ئابوری و بازرگانی بە بەشداری سێ وڵاتی ئێران – عێراق و تورکیا بووە کە هێزی کێبڕکێی لە سەر ئاستی جیهانی هەبێت.
ناوبراو وتی: لەو کۆڕبەندەدا شاندەکەی عێراق دەرفەتە سەرمایەگوزارییەکانی لە بواری کشتووکاڵی و تەندرووستی و کردنەوەی لقی بانکە عێراقییەکانی لە تورکیا تاوتوێ کردووە.
شاندەکەی عێراق هەروەها داوایکردووە کە ئاسانکاری بۆ بازرگانانی عێراقی لە تورکیا بکرێت و ڤێزەی هاتووچۆی چەندین ساڵەش بەوان بدرێت.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند کە تورکیا لە 10 خاڵدا بەڵێنی بەدواداچوونی جیدیی بۆ داواکاری و کێشەکان بە تایبەت لە بواری پێدانی ڤێزەدا داوە.
ناوبراو وتی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا ساڵانە 21 ملیار دۆلارە و تورکیا لە پاش چین بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عێراق دادەنرێت.
حەنون وتی کە بیرۆکەی کردنەوەی دوو دەروازەی بازرگانی نوێ لە گەڵ تورکیا بە ئامانجی ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان پێشنیار کراوە./.