بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود ئەلهاشمی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە چەکی خۆڕاگری تەنیا لە دژی هێزە داگیرکارەکانە، لە بەر ئەوەی کە ئەو هێزانە بە نایاسایی لە عێراقدا ماونەتەوە و پەرلەمان دەنگی لە سەر دەرکردنیان داوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، چەکی خۆڕاگری بەردەوام ئامادە دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڕەشەکانی بوونی بێگانەکان لە عێراق و پێویستیی خۆڕاگری چەکدارانە لە بەرامبەر ئەوان، وتی: هێزە بێگانەکان زیاتر هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و بنکە و بارەگاکانی ئەوان. ئێستا نەک تەنیا نابێت چەکی خۆڕاگری دابنرێت و ڕادەست بکرێت بەڵکوو دەبێت ئەم چەکە لە پێناو پاراستنی عێراق و شکۆ و کەرامەتی گەلەکەی بەهێزتریش بکرێت. هێزەکانی خۆڕاگری هەر بەم چەکە شەڕی دژ بە دوژمنانی عێراق و تیرۆریستانیان کردووە.
ڕەخنەکان لە سەر چەکی خۆڕاگری، سیاسییە و گرنگ نییە
ناوبراو وتی: ئەوەی کە ڕەخنە لە چەکی خۆڕاگری لە عێراق دەگیرێت، بەداخەوە کە ناڕەوایە، لە بەر ئەوەی کە ئەم ڕەخنەیە زیاتر لەوەی کە ئەمنی و پێویست بێت، سیاسییە. ئەم ڕەخنانەش زیاتر بۆ گەمارۆدانی خۆڕاگری و حەشدی شەعبییە لە عێراق.
ئەلهاشمی وتی: ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و هەروها ئەمریکییەکانیش دەزانن کە ئەم چەکە، چەکی بەرگرییە لە دەسەڵات و سەروەری عێراق و شکۆی گەلەکەی. ئەو چەکەی کە شەڕی تیرۆریستانی کردووە و داگیرکاران ناچار بە کشانەوە دەکات، هەر بۆیە لەم چەکە هەست بە توڕەبوونێکی زۆر دەکەن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن ئەم چەکە تەنیا دوژمنانی عێراق دەکاتە ئامانج.
بەسیاسیکردنی چەکی خۆڕاگری لە بەرژەوەندی کام لایەنە؟
بەرپرسی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی الاتحاد، بەسیاسیکردنی چەکی خۆڕاگریی لە لایەن هەندێکەوە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس گەڕاندەوە و وتی کە ئەم سیاسەتە ڕیسوا کراوە و پیلانەکەی پشتەوەی بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان و لایەنگرانی خۆڕاگری لە عێراق ئاشکرا بووە.
مەحمود ئەلهاشمی وتی: گرووپەکانی خۆڕاگری بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چەکی ئەوان ڕووی لە بێگانەیە و ئەمەش سەرجەم ئەوانە دەگرێتەوە کە دەسدرێژی دەکەنە سەر خاکی عێراق.
چەکی خۆڕاگری هاوسەنگی هێز دەپارێزێت
ئەم شرۆڤەکارە عێراقییە لە درێژەدا وتی کە چەکی خۆڕاگری چەشنێک لە هاوسەنگی هێزی لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازییەوە مسۆگەر کردووە.
ناوبراو وتی: بەم بۆنەوە چەکی خۆڕاگری لای عێراقییەکان و لایەنە سیاسییەکانەوە ڕێزی لێ دەگیرێت و ئەوانەش دژایەتیی دەکەن هەمان ئەو دوژمنانەی ئاسایش و سەقامگیری عێراقن. هاووڵاتیانی عێراقی بە ڕێزەوە لە چەکی خۆڕاگری دەڕوانن و دەزانن کە ئەم چەکە پارێزەری شکۆ و کەرامەتی ئەوانە.
هاووڵاتیانی عێراقی ڕێز لە چەکی خۆڕاگری دەگرن
ئەلهاشمی وتی: عێراقییەکان دەزانن کە لە کاتی هاتنی بێگانەکان و تیرۆریستان، ئەم وڵاتە نزیکەی یەک ملیۆن هێزی شەڕکەری هەبوو بەڵام لە بەرامبەر دوژمنان خۆڕاگرییان نەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی هێزەکانی خۆڕاگریی سەرکەوتوو لە شەڕەکاندا نزیکەی 100 هەزار کەس بووە. گەلی عێراق دەزانن کە بە چ هۆکارێک گوشارەکان لە سەر گرووپەکانی خۆڕاگری لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەوە چڕتر بووەتەوە.
شرۆڤەکارە عێراقییەکە لە کۆتاییدا وتی کە داهاتووی عێراق بەندە بە پاراستن و بەردەوامیی چەکی خۆڕاگری و گەلی عێراق بە هیچ شێوازێک قبووڵ ناکات بێگانەکان ئەو چەکە بەهێزەی لێ وەربگرن./.