سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی جام کوردی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حیزبەکەی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان و چارەنووسی ڕێکەوتنی ستراتیژی، وتی: ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی وەک خۆی ماوە، ئەم ڕێکەوتنە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ و چۆنیەتی بەشداری کورد لە عێراقی پاش ڕووخانی سەدام و بەڕێوەبردنی بووە، ڕێکەوتنەکەش لە لایەن خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعود بارزانییەوە واژۆ کراوە و بە حەزی هەندێک بەرپرسی مامناوەند و خواروو نییە کە باس لە مان و نەمانی ئەو ڕێکەوتنە بکەن و تەنیا بە زمانی فەرمی لە لایەن سەرۆکی پارتی و یەکێتییەوە هەڵەدەوەشێتەوە و تا ئێستاش شتی وا ڕووی نەداوە و ڕێکەوتنەکە وەک خۆی ماوەتەوە. تەنانەت ڕێکەوتنێکی نوێش لە ساڵی 2019 بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەر دوو حیزبدا واژۆ کراوە، جارێکی دیکە هەمان بڕگەکانی ڕێکەوتنی ستراتیژی بە شرۆڤەی زیاترەوە تێیدا نووسراوە.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە بەردەوامە، لە یەک حکومەتداین، لە ناو یەک پەرلەمانداین، ڕەنگە هەندێک گلەییش هەبێت، بۆ نموونە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ئێمە دوو حیزبی جیاین و هەر حیزبێک باسی کار و بەرنامەی خۆی دەکات و لە پاش هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە پێکەوە کۆدەبینەوە و ڕێکدەکەوینەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا کە چۆن وەرەقەی هاوبەشی کورد بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق و هەروەها پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک و سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتیدا یەکلایی دەکرێتەوە، وتی: من پێم وایە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە نییە، بابەتێکی جیایە و تەنیا پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەوە هەیە و تا ئێستاش ئیش لە سەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ڕابردوودا دەکرێت کە پارێزگارەکە کورد و لە یەکێتیش بوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە درێژەدا وتی: ئەوەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەوە هەیە پۆستەکانی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، بە پێی ئەو عورفە سیاسییەی عێراق وەک ئەوەی لە لوبنان هەیە سەرۆک کۆمار پشکی کورد، سەرۆکی حکومەت پشکی شێعە و سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، بە تەنیا لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان باس ناکرێت بەڵکوو پۆستەکانی ناو هەرێمیشی لە گەڵ باس دەکرێت، هەر بۆیە بە بۆچوونی من وەک ڕابردوو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد و لە ناو کوردیش بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار، تەنیا نوێنەری حیزبەکەی خۆی نییە بەڵکوو نوێنەرایەتی تەواوی کوردستان دەکات.
ناوبراو وتی: دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە پاش کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و تاوتوێکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ بەغدا دەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە و سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە فرۆشتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بە پارتی دەکەن، وتی: هیچ نرخێک بۆ ئەو پڕوپاگەندەیە دانانێم و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد