عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی جام کوردی، وتی: سنورێکی بەرفراوانی هاوبەش و بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەوی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران وایکردووە کە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابوری بەهێزیش لە نێوان هەر دوو لادا بێت.
ناوبراو وتی: بەشێکی زۆری خزمانی ئێمە لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک سنە، کرماشان، جوانڕۆ و شارەکانی دیکەن و ئێمە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵاوییەکی زۆرمان پێکەوە هەیە و یەک گەلین و تەنانەت ئەگەر پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیش نەبێت، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە وەک خۆی بەردەوام دەمێنێتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتی: ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا دەرگایەکی گەورە و پشتیوانێکی باش بووە و لە بەرژەوەندی هەر دوو لادایە کە پەرە بەم پەیوەندییانە بدرێت، لە بەر ئەوەی کە دۆستایەتی ڕۆژگاری سەنگەر و سەختییەکان لە مێژووی هاوبەشماندا هەیە.
وتیشی کە هیوادارین ئەو سیاسەتی هاوکاری و پشتیوانییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان وەک ڕابردوو بەردەوام بمێنێتەوە./.