بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ماوەیەدا چەندین وڵاتی عەرەبی وەک سعوودیە و ئیمارات هەوڵی ئەوەیان داوە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریا و ئێران ئاسایی بکەنەوە. هۆکارەکەی چییە؟
سعوودیە سەرقاڵی دانوستانە لە گەڵ ئێران و بە پێی داواکاری دەسەڵاتدارانی ڕیاز و بە نێوەندگێڕی عێراق، دانوستانەکان بەردەوامە.
بەڵام یەک لەو وڵاتانەی کە بە هۆی کردەوەکانی لە ناوچەکە، هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئێران دەدات، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە.
بەشداریی ئیمارات لە هاوپەیمانی دژ بە یەمەن و هاوبەشیی لە تاوانەکانی سعوودیە لە دژی یەمەنییەکان، وایکردووە کە لە ڕوانگەی ڕای گشتی ناوچەکە و جیهانەوە ڕواڵەتێکی باشی نەبێت. لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات لە ماوەی شەڕی سوریا، سیاسەتی هاوبەشی لە گەڵ ئەمریکا، سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی بووە.
ئێستا کە سوریا تا ڕادەیەک گەیشتووەتە سەقامگیری و دۆخی ئەم وڵاتە لە بەرژەوەندی حکومەتی دیمەشق بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، بەرپرسانی ئیمارات هەوڵ دەدەن خۆیان لە سوریا و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد نزیک بکەنەوە.
سەردانەکەی عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد هەڵگری چەندین پەیامی تایبەت بووە.
ئیمارات لە ئێستادا گوشارێکی زۆری لە سەرە، لە لایەکەوە بە هۆی سازشتی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و دەستپێکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ سعوودیە لە شەڕی یەمەن، تووشی کێشە بووە. ئیمارات هەوڵ دەدات بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا و ئێران تا ڕادەیەک لەو گوشارەی ڕای گشتی کەم بکاتەوە.
ئیمارات زۆر پێویستی بەمە هەیە و بۆ دەربازبوون لەم هەلومەرجە، هەوڵی گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتەکانی بەرەو سوریا و ئێران دەدات. سوریا نابێت لەم هەلومەرجەدا سیاسەت و کردەوەکانی ئەم چەند ساڵەی ئیمارات لە بەرچاو نەگرێت و هەڵوێستی نەبێت. بە دڵنیاییەوە کە دەبێت سوریا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو سیاسەتەی ئیمارات داواکاری خۆیی لەو وڵاتە هەبێت.
ناکرێت بە بێ قبووڵکردنی ئەو هەڵە و زیانەی کە کەوتووەتە سەر سوریا، بە سادەیی گەیشتە قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەبوزەبی. هەروەها ئیمارات خیانەتێکی گەورەی لە جیهانی ئیسلام و گەلی فەڵەستین کردووە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە و ئەمەش ناکرێت بە ئاسانی سەیر بکرێت.
ئیمارات و هەر وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی کە ئەم خیانەتەی کردبێت، دەبێت لەم خیانەت و هەڵە گەورەی خۆی تێبگات و کۆتایی بەو سیاسەتە بێنێت.
بە دڵنیاییەوە کە گۆڕینی سیاسەتی ئیمارات لە بەرامبەر سوریا و ئێران، کاریگەری ئەرێنیی لە سەر ئەم وڵاتە بەراورد بە بوونی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت.
ئەم سیاسەتە دژ بە یەکەی ئیمارات لە سەر ئاستی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی، بە تایبەت سوریا و یەمەن و هاوکات بوونی پەیوەندی و هاوکاری نزیک لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پێویستی بە گرنگیپێدانی تایبەت هەیە./.