بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی خۆراک و کشتووکاڵ (فائۆ) سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە 18 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەفغانستان لە هەلومەرجێکدا ژیان بە سەر دەبەن کە خۆراکی پێویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین ناکرێت.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت ئەو ئامارە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 22 ملیۆن و 800 هەزار کەس.
فائۆ ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە جوتیاران و ئاژەڵدارانی ئەفغان دەکات تا بەرهەمەکانیان زیاتر بکەن و ڕێگری لە کارەستاێکی گەورە بۆ داهاتووی ئەفغانستان بکرێت.
ڕێکخراوەکە هەروەها ئاماژەی بە وشکەساڵی، قەیرانی ئابوری و نەبوونی سەرچاوەکانی بژێوی ژیان لە ئەفغانستان داوە و ڕایگەیاندووە کە 115 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی 5 ملیۆن کەس لە وەرزەکانی زستان و بەهاری داهاتوو دەبێت دابین بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە بۆ ساڵی داهاتوو و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ڕێگری لە کۆچکردنی خەڵکی ئەفغانستان، پێویستی بە 85 ملیۆن دۆلاری دیکە دەبێت./.