بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەر ناوی گوندی ئاو ئاسک، هەندێک بۆچوون ئاماژە بەوە دەدەن کە ناوەکەی لە سەر ناوی یەکێک لە پاشاکانی ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە کە دواتر بۆ ئاسک گۆڕاوە. ئەم گوندە جوانە لە باکورەوە دەگاتە شاخی دەماوەند.
گوندی ئاو ئاسک ڕاکێشیگەکی سرووشتی و گەشتیاری زۆری هەیە و زیاتریش بە هۆی دیمەنە جوانەکانیەتی، وەک ڕووباری هەراز و دەریاچەی ئیمامزادە عەلی. بوونی کانیاوەکانی ناوەوە و دەرەوەی گوندەکە وەک زاغ، قوڵ قوڵەی سەر، ئاوی ناد عەلی، قای باڵ و … لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی گوندەکەن.
لە ڕووی پیشەسازی دەستیشەوە ئەم گوندە ناوبانگێکی زۆری هەیە و فەرشی دەستکردی بازاڕێکی زۆری هەیە.
نەریتی کۆنی بەفرە چاڵ کە بە زاراوەی مازندەرانییەکان وەرف چاڵی پێ دەڵێن و لە ساڵانی کۆنەوە لەم گوندەدا ماوەتەوە، هێشتا ساڵانە بەڕێوە دەچێت. ئەم نەریتەش بە هۆی هەلومەرجی کەشوهەواوە لە ڕۆژێکی تایبەتدا بەڕێوە دەچێت و پێشتر خەڵکی گوندەکەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. لەو ڕۆژەشدا خەڵکی ئەم گوندە و گوندەکانی نزیک کۆدەبنەوە و بە بەڕێوەچوونی ئەم نەریتە کۆنە، هاوکاری و پێکەوەبوونی خۆیان دووبارە دەکەنەوە. هەروەها ڕێوڕەسمی بەفرە چاڵ پێداویستی ئاژەڵدارەکان لە وەرزی هاویندا دابین دەکات، ئەوان لەو ڕۆژەدا نوێژی بەکۆمەڵ دەخوێنن، قوربانی دەکەن و لە میوانەکانی خۆیان پێشوازی دەکەن.
لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەفرەچاڵ هیچ ژنێکی گوندەکە بەشداری ناکات. بە لای خەڵکی خۆجێی، بەشداری ژنان لەو ڕێوڕەسمەدا چەشنێک بێڕێزییە و لە داهاتوودا ڕووداوی نەخوازراویان بۆ دێتە پێشەوە. ژنانیش بێدەنگ نابن و ڕێوڕەسمی ژنە شایی یان دایکی شایی بەڕێوە دەبەن. لەو ڕۆژەدا یەکێک لە ژنانی گوندەکە وەک دەسەڵاتدار هەڵدەبژێرێت و سەرۆکایەتی گوندەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
ژنان لەو ڕۆژەدا لە ماڵ دێنە دەرەوە و جل و بەرگی شایی دەپۆشن و سەما و شایی دەکەن و نانی نیوەڕۆ لە ماڵی گەورەی گوندەکە لە گەڵ یەک دەخۆن. ئەم ڕێوڕەسمە هێمایەکە بۆ بەهێزبوونی ژنان لە بەرامبەر پیاوانی گوندەکە و هیچ پیاوێک مافی بەشداریکردنی نییە و ئەگەر پیاوێک بەشداری بکات سزا دەدرێت. ڕێوڕەسمەکە تا کاتی گەڕانەوەی پیاوەکان لە ڕێوڕەسمی بەفرە چاڵ بەردەوام دەبێت.
ئاو ئاسک وەک ئاماژە درا، سەر بە ناحیەی لاریجانە لە قەزای ئامولی پارێزگای مازندەران. تا شاری ئامۆل 85 کیلۆمەتر، تا ساری 160 کیلۆمەتر و لە باکوری ڕۆژهەڵاتی تارانەوە 90 کیلۆمەتر دوورە. باشترین ڕێگاش بۆ گەیشتن بەم گوندە، ڕێگای نێوان تاران – ئامۆل و هەرازە./.