بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گوندی چوار بۆرج بە 631 خێزان و زیاتر لە 2 هەزار حەشیمەت، زیاترین ژمارەی نابیناکانی لە پارێزگای خۆراسانی باکور هەیە.
هۆکاری نابینابوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو گوندە، وراسییە و وەک دەڵێن مێژوویەکی 300 ساڵەی هەیە و ئەویش بۆ هاوسەرگیری خزم و کەسانی نزیک لەو گوندە دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا ژمارەیکی زۆر لەو گوندەدا نابینان، بەڵام ژمارەیان بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکەوە کەمبووەتەوە.
20 ساڵ بەر لە ئێستا و بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و ڕێگاکانی ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکە چەندین گرووپی پزیشکی لە ژاپۆن و بەریتانیا و لە ناوخۆی ئێرانیشەوە چەند گرووپێک سەردانی گوندەکەیان کردووە، بەڵام لە ئاکامدا دکتۆر نورمحەممەد قەیاسوەند و هاوکارەکانی بەوە گەیشتن کە چ هۆکارێکی هەیە منداڵی نابینا لەو گوندەدا لە دایک دەبێت. ئەوان 13 ساڵ بەر لە ئێستا بەو ڕاستییە گەیشتن کە هۆکاری وراسی وایکردووە منداڵەکان بە نابینایی لە دایک بن.
ماوەی 10 ساڵە کە منداڵی نابینا کەمتر لەدایک دەبێت، بەڵام هێشتا خەڵک وەک مەترسییەک لەوە دەڕوانن کە منداڵەکەیان بە نابینایی لە دایک نەبێت.
دەنگۆی ئەوەش هەبووە کە تەنانەت ئاژەڵەکانیش وەک مانگاو، سەگ و پشیلەکانی ئەو گوندەش نابینان. ئەوەش بووەتە پرسیارێکی گرنگ کە بۆ ئاژەڵەکانیش بە نابینایی لە چوار بۆرج لەدایک دەبن؟
کەسێک بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی گوندەکە ناکڕێت، لە گەڵ ئەوان هاوسەرگیری ناکەن، بە لای هەندێکەوە ئەم گوندە نفرین کراوە یان نەخۆشییەکی دەگمەن بەرۆکی خەڵک و ئاژەڵەکانی گرتووەتەوە.
لەم گوندەدا دایک و باوک بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵەکانیانن، ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەوان و کاریگەری ئابوری زۆریشی لە سەر خەڵکەکەی داناوە.
ئەم گوندە پێشینەی مێژوویی هەیە و لە ڕێگای ئەو کاروانانەدا بووە کە هاتووچۆی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیان کردووە، دانیشتووانەکەی کوردن و بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن.
ئەوان هێشتا داب و نەریت و ڕەسەنایەتی خۆیان پاراستووە و جل و بەرگی کرمانجی خۆیان لە بەر دەکەن، گوندەکە کەوتووەتە باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای خۆراسانی باکور و کەش و هەوایەکی گەرمی هەیە.
ماوەی 10 ساڵە کە بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن کە ئەم کێشەیە تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ کراوە و لە ئێستادا هیچ کەسێکی تەمەن دوو ساڵ نییە کە نابینا بن.
یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت هۆکاری نابینابوونی خەڵکەکەی بۆ پسیبوونی خاک و ئاوی گوندەکە دەگەڕێتەوە و ناتوانێت پەیوەندی بە هاوسەرگیری خزمایەتییەوە هەبێت لە بەر ئەوەی کە کەسانێک بوونیان هەیە کە خزم و کەسی یەکتر نین و لە لایەکی دیکەوە لەم گوندەدا ئاژەڵەکانیش بە نابینایی لە دایک دەبن./.