بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فڕۆکەوانە ئەفغانییەکان کە لە پاش کەوتنی کابوڵ و بێهیوایی لە ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەرەو دوو وڵاتی تاجیکستان و ئۆزبەکستان هەڵهاتوون، بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە کە لە لایەن واشنتنەوە پشتگوێ خراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا لە وڵاتی تاجیکستان 143 کەس لەو فڕۆکەوانانە ڕاگیراون.
یەکێک لە فڕۆکەوانەکان کە بە هۆکاری ئەمنی ناوەکەی بڵاو نەبووەتەوە، بە نیۆیۆرک تایمزی ڕاگەیاند کە ئێمە بڕوامان بە سوپا و حکومەتی ئەمریکا هەبوو کە هاوکاریمان دەکەن تا لەم دۆخە ڕزگار بین.
ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەدات کە فڕۆکەوانە ئەفغانەکان ڕەخنەیان لە چارەنووسی نادیاری خۆیان گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە نازانن لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات.
یەکێک لە ئەندامانی پێشووی هێزی ئاسمانی ئەفغانستانیش لە پەیوەندییەکدا بە نیۆیۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە کە لە 5 ساڵی ڕابردوو شان بە شانی هێزەکانی ئەمریکا چالاکیی کردووە و ئێستا ئەمریکا ئەو و هاوڕێکانی لەبیر کردووە.
فڕۆکەوانە ئەفغانەکان لە پاش گەیشتنی تاڵیبان بە کابوڵ بە 17 فڕۆکەی شەڕکەر گەیشتنە تاجیکستان و لەو کاتەوە تا ئێستا مۆبایل و سەرجەم پێداویستییەکانیان دەستی بە سەردا گیراوە و تەنانەت ناتوانن لە گەڵ خزم و کەسانی نزیکی خۆیان لە ئەفغانستان لە پەیوەندیدا بن./.