بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبوعەلی عەسکەری کە وەک وتەبێژی ئەمنی کەتائیبی حیزبوڵڵا ناوی دەبرێت، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆکی ڕەوتی سەدر، جەختی لە سەر ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکانی سەر بەم ڕەوتە و هەروەها هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.
ناوبراو لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە پاڵپشتی لە بانگەوازی ڕادەستکردنی چەک یان سنورداربوونی چەک لە ژێر دەستی حکومەتدا دەکات و ئەمەش بۆ ڕێگری لە هەر شەڕێکی ناوخۆیی لە عێراقدا بە گرنگ دادەنرێت.
عەسکەری وتی: بەڵام بۆ ئەم ئامانجەش دەبێت سەرەتا ئەو کەس و لایەنەی بانگەوازەکە دەکات، چەکی گرووپەکانی سەر بە ڕەوتەکەی، بە چەکە قورسەکانەوە، ڕادەست بکات و فەرماندەیی ئەو گرووپانەش ڕادەستی ڕێکخراوی حەشدی سەعبی بکات.
ئەو بەرپرسەی کەتائیبی حیزبوڵڵا وتی: لە هەنگاوی دواتریش دەبێت هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە ژمارەیان لە 160 هەزار کەس زیاترە، چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن.
وتیشی کە بە جێبەجێکردنی ئەم دوو هەنگاوە دەتوانین بڵێین کە پرۆژەی سنوردارکردنی چەک لە ژێر دەستی حکومەتدا سەرکەوتوو بووە./.