بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارچێوەی هەماهەنگی گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق سەبارەت بە وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا – واشنتن و ستراتیژی داهاتوو بەرامبەر بە داگیرکاران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و موڵەتی کۆتایی ئەمساڵی دایە ئەو هێزانە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بە پێچەوانەی ئەمە بە چەک وەڵامیان دەدرێتەوە.
دەقی ئەو بەیاننامەیە لێرەدا هاتووە:
بسم الله الرحمن الرحیم
(وَقَاتِلُوهُمْ حَتَّى لَا تَكُونَ فِتْنَةٌ وَیَكُونَ الدِّینُ كُلُّهُ لِلَّهِ فَإِنِ انْتَهَوْا فَإِنَّ اللَّهَ بِمَا یَعْمَلُونَ بَصِیر، وَإِنْ تَوَلَّوْا فَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ مَوْلَاكُمْ نِعْمَ الْمَوْلَى وَنِعْمَ النَّصِیرُ)
صدق الله العلی العظیم
ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەوەی کە بە وتووێژە ستراتیژییەکان ناسراوە، دەکەین، هەرچەندە کە بڕوامان بە جیدیبوونی داگیرکاران و پابەندیبوونی ئەوان وەک لایەنێک لەو وتووێژانەدا نییە.
ئێمە بۆ دەرکردنی داگیرکارانی ئەمریکی لە خاکی پاکی خۆمان، ڕێگاچارەی دیپلۆماسیمان خستووەتە بەردەم شاندی دانوستانکاری عێراقی بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە بەدی ناکرێت، بە تایبەت ئەوەی کە تا کۆتایی ئەمساڵ هێندە کات لە بەردەستدا نەماوە.
ئێمە لێدوانی فەرمی و نافەرمی لە بەرپرسانی ئەمریکی دەبیستین کە ویستی کشانەوەیان لە عێراق نییە و بیانووی ئەوەش دەهێننەوە کە حکومەتی بەغدا ئەو داوایەی کردووە و هاوکات هیچ کاردانەوە یان بەدرۆخستنێک لە سەر ئەو لێدوانانە نەبینراوە.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە چەکی خۆڕاگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاران بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا دەمێنێتەوە و کۆتا موڵەتیش تا کاتژمێر 12 ی شەوی 31 ی 12 ی 2021 دەبێت.
خۆڕاگری یاسایی و ڕێگاپێدراو کە شەهید سەید محەممەد باقر سەدر دامەزرێنەری بووە و شکستی بە داگیرکاران هێنا و بە چەکی یاسایی خۆی ڕوبەڕوی ئەوان بوویەوە، پشت بە مافی گەلی عێراق لە بەرامبەر ئەوانە دەبەستێت کە بەردەوام سەروەری ئەم وڵاتە پێشێل دەکەن.
لە کۆتاییدا جەخت لەوەش دەکەینەوە کە تا گیان لە جەستەدا بێت، دەست لە سەر چەک و ئامادەی پاراستنی عێراق دەبین./.