بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجامی زۆربەی ڕاپرسییەکان لەم بوارەدا پیشان دەدات کە ترس لە کاریگەرییەکانی ڤاکسێن بە گرنگترین هۆکاری بەکارنەهێنانی ڤاکسێن لای خەڵکەوە دادەنرێت. هەروەها ڕێژەیەکی زۆر کەمیش لە خەڵکی ئەو وڵاتانە باسی ئەوەیان کردووە کە ڤاکسێنیان بۆ دابین نەکراوە کە ڕەنگە لە ئێستادا ئەو بۆچوونە زۆر درووست نەبێت.
کوتان بە ڤاکسێن دەتوانێت ڕێگری لە مردن بە هۆی کۆرۆناوە بکات، هەرچەندە پزیشکان دەڵێن کە بە ڤاکسێنیش ئەگەری توشبوون بە کۆرۆنا هەیە بەڵام مردن لەو حاڵەتدا نامێنێت یان بە دەگمەن ڕوو دەدات. لە ئێستادا ئەوانەی ڤاکسێنی کۆرۆنا بەکار ناهێنن بوونەتە هەڕەشەیەک لە سەر تەندرووستی کۆمەڵگاکەیان.
وەک چۆن کە ئاماژە درا لە زۆربەی ڕاپرسییەکانی وڵاتانی جیهاندا دەرکەوتووە کە مەترسی خەڵک لە کاریگەرییەکانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە گرنگترین هۆکاری دوورکەوتنەوەی ئەوان لە ڤاکسێن دادەنرێت. خاڵی دووەمی کاریگەر لەم بوارەدا دەنگۆ و زانیاری هەڵە و نادرووستە لە سەر ڤاکسێنی کۆرۆنا کە لە ئێستادا بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئاسانی دەستاودەست دەبێت و بە خێرایی لە سەر ئاستی جیهانیش بڵاو دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە جۆری باشتر و پێشکەوتووتری ڤاکسێنی کۆرۆنا بەرهەم بهێندرێت و بخرێتە بەردەستی خەڵک. لە ڕاستیدا هەندێک لە خەڵکیش هیچ بڕوایەکیان بەم نەخۆشییە و ڤاکسێنەکەی نییە..
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەش، پێشنیارێک لە سەر ئاستی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەوەیە کە لە ڕووی میدیاییەوە پلانی ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی کۆرۆنا و سوودەکانی بەکارهێنانی ڤاکسێن جێبەجێ بکرێت، هەروەها لە هەندێک وڵاتیش خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەو کەسانە نادرێت کە ڤاکسێنی کۆرۆنایان بەکار نەهێناوە، تەنانەت لە هەندێک وڵات سزای دارایی بۆ ئەو کەسانە پێشبینی کراوە کە خۆیان لە بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا بە دوور دەگرن./.