بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دبورا لیۆنز نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان لەو ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاند کە تاڵیبان ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە داعشەوە دەستبەسەر کردووە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگری لە گەشەسەندنی ئەو گرووپە بکات.
ناوبراو وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت گرنگی زیاتر بە بوونی داعش لە ئەفغانستان بدات.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بەوەی کە تاڵیبان توانای ڕیشەکێشکردن و ڕێگری لە چالاکییەکانی داعشی لە ئەفغانستاندا نییە، وتی: داعش پێشتر تەنیا لە چەند پارێزگایەکی ئەفغانستاندا بووە بەڵام ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکاندا بوونی هەیە و ژمارەی هێرش و چالاکییەکانی لە 60 چالاکی ساڵی 2020 بۆ 334 چالاکی لەمساڵ بەرز کردووەتەوە.
لیۆنز هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هۆشداریی لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانێکی مرۆڤی لە ئەفغانستاندا و وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بیر لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی، مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەزگا خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە./.