بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە لایەن گۆڤاری هیل جێبەجێ کراوە، پیشان دەدات کە لە سەدا 61 ی بەشداربووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیانەوێت جۆبایدن لە پاش خولی ئێستای سەرۆکایەتی واز لە دەسەڵات بێنێت و ڕێگای بۆ کەسێکی نوێ لە دیمۆکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکاتەوە.
بە پێی ئەنجامەکان، لە بەرامبەر لە سەدا 24 ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە پێویستە بایدن سەر لە نوێ لە ساڵی 2024 خۆی کاندید بکاتەوە و لە سەدا 15 ی ئەوانیش ڕایانگەیاندووە کە لە وەڵامدانەوەدا دڵنیا نین.
لە نێو دەنگدەرانی دیمۆکرات، کەمتر لە نیوەی دەنگدەران – لە سەدا 45 – ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت بایدن سەر لە نوێ ببێتەوە سەرۆک کۆمار، لە سەدا 37 ی ئەوانیش هیوایان بەوە هەبووە کە سەرۆک کۆمار موڵەت و دەرفەتی ئەوە بدات کەسێکی دیکە بکرێتە نوێنەری دیمۆکراتەکان.
ئەو ڕاپرسییە پیشان دەدات کە لە سەدا 46 ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە پێیان وایە بایدن بە پێی چاوەڕوانییەکان هەنگاوی نەناوە، لە سەدا 23 ڕایانگەیاندووە کە کارنامەیەکی باشی هەبووە و لە سەدا 31 ی بەشداربووانیش لەو بڕوایەدان کە سەرۆکێکی ئاسایی بووە.
هەروەها تەنیا لە سەدا 40 ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە دۆخی تەندرووستی بایدن بۆ بەردەوامبوونی لە سەرۆکایەتی کۆمار باشە و لە سەدا 41 ی ئەوانیش دەڵێن کە بایدن بە گشتی دەتوانێت درێژە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بدات./.