بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی هەولێری کرد و لە چاوپێکەوتنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان و دۆخی عێراقی لە پاش هەڵبژاردنەکان تاوتوێ کرد.
حەکیم لەو چاوپێکەوتنەدا مێژووی هاوبەشی لە گەڵ سەرکردەکانی کورد لە خەباتی دژ بە دیکتاتۆریەت و بونیادنانی عێراقی نوێ وەبیرهێنایەوە و جەختیکردەوە کە سەرکردە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، دابینکردنی داواکارییەکانی گەلی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی وڵات واز لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بێنن.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و ڕێگری لە هەر دەستێوەردان و هێرشێکی دەرەکی کردەوە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وتی کە سەقامگیری عێراق بەندە بە پایبەندی سەرکردە سیاسییەکان بە کەلتوری پاشەکشە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پێناو بەرژوەندی نیشتمانی و گشتی.
ڕاشیگەیاند کە پرۆژە پێشنیارەکەی، چارەسەرێکی گونجاوە بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی وڵات بە بێ ئەوەی کە پشکی لە حکومەتی داهاتوودا هەبێت./.