بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی فرانس 24 بە ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ژینگەپارێزیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی پابەندی ڕێنمایی نوێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی دەبوون، ئامارەکانی مردنی تۆمارکراو لە ساڵی 2019 دەیتوانی بۆ نیوە کەم ببێتەوە.
پێشتر پێشبینی ئەوە کرابوو کە ئاماری مردن بە هۆی پیسبوونی هەوا لە ساڵی 2018 بگاتە 346 هەزار کەس.
ناوەندی ئاماریی ئەورووپا بۆ ڕاگەیاندنی پیسبوونی کەش و هەوا ڕایگەیاندووە کە دابەزینی ئاماری مردن بە هۆی پیسبوونی هەواوە پاش ساڵی 2018 تا ڕادەیەک بۆ باشتربوونی کوالیتی هەوا لەم کیشوەرەدا بووە.
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە دەیەی 1990 بە هۆی پیسبوونی هەواوە یەک ملیۆن کەس لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا گیانیان لە دەست داوە.
ئەو ئامارەش تا ساڵی 2005 گەیشتە 450 هەزار کەس.
لە ساڵی 2019، 53800 کەس لە ئەڵمانیا، 49000 کەس لە ئیتالیا، 29800 کەس لە فەرەنسا و 23300 کەسیش لە ئیسپانیا بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لە دەست دا. لە پۆڵۆنیا 39300 کەس گیانیان لە دەست دا کە بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، زۆرترین ڕێژەی مردن بە هۆی پیسبوونی هەواوە بووە.
ئاژانسی ژینگەپارێزیی ئەورووپا هۆشداریی داوە کە پیسبوونی هەوا بەردەوام وەک گەورەترین مەترسی لە سەر خەڵک دادەنرێت.
نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە و شێرپەنجە، زیاتر بە هۆی پیسبوونی هەواوە تووشی مرۆڤەکان دەبێت. لە منداڵانیش ئەم دیاردەیە دەتوانێت زیان بە سییەکانی ئەوان بگەێنێت و تووشی کێشەی هەناسەدانیان بکات.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، پیسبوونی هەوا ساڵانە لە وڵاتانی جیهان بە گشتی هۆکاری مردنی 7 ملیۆن کەسە./.