بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ” سند ” ڕایگەیاند کە بەرپرسانی سعوودیە وەک بەشێک لە کەمپینی خۆیان بۆ بەردەوامی سەرکوتکردن و قەدەغەکردنی ئازادی لەو وڵاتە، زیندانەکانیان کردووەتە گۆڕستانی پەیامنێران.
ماڵپەڕی سعوودی لیکس لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە زیندانەکانی سعوودیە بوونەتە گۆڕستانی پەیامنێران، نووسەران، پسپۆڕان و شارەزایانی میدیایی و چالاکوانان، دیاردەیەک کە ئەوپەڕی سەرکوتکردنی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە پیشان دەدات.
لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد بن سەلمان وەک جێنشینی سعوودیە لە ساڵی 2017، زیندانەکان و گرتووخانەکانی ئەو ڕژێمە لە هاووڵاتیان، ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ڕەخنەگران پڕ کراون، بە شێوازێک کە ئازادی میدیایی و ڕادەربڕین لەو وڵاتەدا بوونی نەماوە.
لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی بواری میدیایی کە بێهۆ دەستبەسەر و زیندانی کراون، دەتوانین ئاماژە بە ” تورکی جاسر، سامی سەبیتی، خالید عەلکەمی، حەمزە سالم، مەروان مەریسی و ئۆسامە سەهلی ” بدەین.
دەستبەسەرکردن، بێسەروشوێنکردن و ئازار و ئەشکەنجەدانی پەیامنێران بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی میدیایی و ڕادەربڕین دادەنرێت کە بە پێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەرپرسانی ئێستای سعوودیە بە تاوانێکی زۆر لەم بوارەدا تۆمەتبار کراون.
بەرپرسانی سعوودیە بە ئازار و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و چالاکوانانی مەدەنی درێژە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەدەن.
لەو یاسانەش کە بەردەوام لای بەرپرسانی سعوودیەوە پێشێلکراوە، مادەی 20 ڕاگەیاندنی جیهانیی مافی مرۆڤە کە دەڵێت: هەر کەسێک ئازادانە مافی ئەوەی هەیە بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئاشتیخوازانەکاندا بکات و هیچ کەسێک نابێت ناچار بە ئەندامبوون لە ڕێکخراو و یەکێتییەک بکرێت.
سەرەڕای ئەم یاسایەش، بەرپرسانی سعوودیە لە بەرتەسکردنی ئازادی، ڕێگری لە چالاکی ڕێکخراوەکان، دەستبەسەرکردنی ئەندامەکانی ئەوان و … دەستیان هەبووە، وەک چۆن کە زۆربەی ئەندامانی بزوتنەوەی ” حسم ” یان دەستبەسەر کرد و ئەمڕۆ ئەو کەسانە لە زیندانەکانی سعوودیەدان.
بەرپرسانی سعوودیە هەروەها بەردەوامن لە ئازار و ئەشکەنجەدانی ” موسا غەنامی ” گەنجی ڕەخنەگەری ئەو وڵاتە. ناوبراو لە چوارچێوەی کەمپینی ئەیلولی 2017 دەستبەسەر کرا، کەمپینێک کە گرووپێک لە ڕۆشنبیران، وتارخوێنەکان و چالاکوانانی کردە ئامانج.
غەنامی بە پەیوەندی لە گەڵ لایەنەکانی دەرەوە و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی تۆمەتبار کراوە، ئەم تۆمەتبارکردنەش پاساوێکە بۆ گرتنی نەیارانی ڕژێمی ئالی سعوود.
موسا غەنامی لە زیندانیشدا ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی دژوار بووەتەوە، بۆ نموونە، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە نییە، پارێزەری پێ نەدراوە و لە ڕووی پزیشکیشەوە پشتگوێ خراوە.
سعوودیە لە نێو 180 وڵاتدا لە ڕووی ئازادی میدیاییەوە لە پلەی 170 دایە. جێنشینی ئەو وڵاتە لە ڕووی سەرکوتکردنی ئازادییەکانەوە لە سەروی لیستە نێودەوڵەتییەکانەوەیە و بە سەرکوتکردنی خەڵک، سیخوڕی، ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی ئەوان حکومڕانی دەکات.
سعوودیە یەکێک لە گەورەترینی ئەو وڵاتانەیە کە بەردەوام پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی ” پیلان لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی ” و ” هاوکاری لە گەڵ دامەزراوە بیانییەکان ” ڕەوانەی زیندانەکان دەکات و پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسانەش لە هەلومەرجێکی نادیاردا بەڕێوە دەچێت./.