بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی: ئێران و تورکیا دەبێت بە تەواوکردنی نەخشەڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان، کە داڕشتنی خراوەتە ڕیزی کارەکانی هەر دوو وڵات، ئامادەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئێستا بەرەو هاوکاری هەمەلایەنە بن.
ناوبراو وتی: پەیوەندی نزیکی نێوان ئێران و تورکیا لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە گرنگە و ئەم پەیوەندی و هاوکارییەش بە پێی پێگەی هەر دوو وڵات دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەریی لە هاوکێشەکاندا هەبێت.
ڕەئیسی وتی: بوونی بێگانەکان لە ناوچەکە تەنیا ئاڵۆزی و ناکۆکی نێوان وڵاتان و گەلانە، وەک چۆن کە 20 ساڵ مانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەدەر لە خوێنڕشتن و ڕووخاندن دەسکەوتێکی دیکەی نەبوو و ئاشکرا بوو کە کێشەکانی ئەفغانستان لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتە و بە هاوکاری وڵاتانی دراوسێ چارەسەر دەکرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها وتی کە کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە دژی وڵاتانی ناوچەکەیە و وتی: داعش بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، بەرهەمی ئەو وڵاتەیە و بە دڵنیاییەوە بە فەرمی ئەمریکییەکان لە وڵاتانی دیکە پەنا بۆ کوشتن و خوێنڕشتن دەبات.
وتیشی کە بوونی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە هەر شوێنێکی ناوچەکە لە زیانی خەڵکدایە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتوانێت تەوەرێکی هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئەنکەرە بێت و ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لەم بوارەدا ئامادەیی هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیاش بۆ دابینکردنی سەقامگیری و گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە ناوچەی قەفقازی باشور، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ تورکیا و ئازەربایجان بەدەر لە پەیوەندییەکی دراوسێیەتی، پەیوەندییەکی کۆن و مێژوویی و کەلتوریی هەیە و نابێت موڵەتی ئەوە بدەین جموجوڵی بێگانەکان کێشە بۆ ئەم پەیوەندییانە بخوڵقێنێت.
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: تورکیا دەیەوێت پەرە بە هاوکارییەکانی لە گەڵ ئێران بدات و کابینەی ئێستای ئێرانی بە کابینەیەک دەزانێت کە ئەنجامی ڕێکەوتن و کارەکان بۆی گرنگە و پێداگریش لەوە دەکەین ئاستی هاوکارییەکانی نێوانمان بەرز بکەینەوە./.